رووداو دیجیتاڵ
لە دیداری لەگەڵ شاندی دەم پارتیی ئیمراڵیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاندووە دەبنە کۆماریخواز. ئۆجەلان بە پێویستی دەزانێت کورد لەدوای دەرچوونی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.
زانیاریی نوێ لەبارەی دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و شاندی ئیمراڵی بڵاوبووەوە کە رۆژی یەکی ئابی 2026 لە ئیمراڵی سازکرا.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئۆجەلان پەیامی بۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ ناردووە و رایگەیاندووە، پێویستە پارتەکەی ئەندامێک بۆ ئەو لیژنەی چاودێرییە دیاری بکات کە لە پەرلەمان دادەمەزرێت.
دیدارەکە نۆ رۆژ پێش پەسندکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، کراوە.
ئۆجەلان لەو دیدارەدا سڵاوی بۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ ناردووە و داوای لێکردووە پارتەکەیان لەو لیژنەی چاودێرییەدا بەشدار بێت، کە لە پەرلەمان بۆ کاروباری پرۆسەی چارەسەری پێکدەهێنرێت.
هەروەها دڵنیایی داوە لەوەی ئەو هەنگاوە سازشێکی سیاسی نییە لەگەڵ ئاکپارتی، بەڵکو گفتوگۆکردنە لەگەڵ دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتی و یاسایی.
لە دیدارەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کردووە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد دوای دەرچوونی یاساکە، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی رێکخراوەیی و سیاسیی خۆیدا دەکات.
کاتێک شاندەکە بە ئۆجەلانی گوتووە: "ئۆزگور ئۆزەل لێدوانێکی داوە و پشتگیریی لە پرۆسەکە کردووە و دەڵێت پرسی کورد بۆ ئەوان بابەتێکی ستراتیژییە، بەڵام دەیانەوێت سەرەتا یاساکە ببینن،" ئۆجەلان لە وەڵامدا گوتوویەتی:"سڵاوی تایبەت بۆ بەڕێز ئۆزگور. پێویستە بەرپرسێکیان لە لیژنەی چاودێریی پەرلەماندا بەشدار بێت. ئەوان دەڵێن 'ئاخۆ بڵێی بمانسڕنەوە، یان لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهوور یەکیان گرتووە تاوەکو بمانفەوتێنن؟'... ئەوان رۆژانە باسی یاسا و دیموکراسی دەکەن. رێگەی ئەمەش بەم کارەدا تێدەپەڕێت. ئێمە لەگەڵ دەوڵەت کۆدەبینەوە نەوەک ئاکپارتی، ئێمە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکی یاسایی دیموکراسی دەکەین. پێویستە پێیان بڵێن 'کردنەوەی کەناڵی یاسا و دیموکراسی بۆ هەمووان، بەتایبەتی بۆ ئێوە دوا هەلە'. رێگەی دیموکراسیش بە ئیمراڵیدا تێدەپەڕێ نەوەک سیلیڤری".
"دەبینە کۆماریخواز"
ئۆجەلان بە پێویستی دەزانێت پێکهاتەی ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی کورد، دوای دەرچوونی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بگۆڕدرێت.
هەروەها دەڵێ، دەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەیوەندیدار بوو بە بارودۆخی پرۆسەی چارەسەریی پێشووەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسە نوێیەکە پێویستی بە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە پێکهاتەی رێکخراوەیی و بەرنامەی ئایدۆلۆژیدا هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەدەپە 2012 راگەیێندرا، بەڵام پرۆسەی چارەسەریی رابردووش، ئەگەرچی 2013 بە تەواوی راگەیێندرا، بەڵام لە 2009ــەوە زەمینەسازیی بۆ دەکرا و ساڵی 2012 پاکێجی بەدیموکراسیبوون راگەیێندرا
ئۆجەلان هەروەها گوتی: "لە ساڵی 2013دا دەرگایەکی دیالۆگ کرایەوە و ئەمەش بووە هۆی لەدایکبوونی هەدەپە. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پێداچوونەوەی تەواو بە پێکهاتەی رێکخراوەیی و بەرنامەی ئایدۆلۆژیماندا هەیە. دوای دەرچوونی یاساکە، گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی تەواوی پلانەکانی بزووتنەوەکەمان و کارە سیاسییەکانمان لەگەڵ یاساکەدا بگونجێنین".
ئۆجەلان هەروەها رایگەیاندووە، ئەو بزووتنەوەیەی ئێستا رێکی دەخەن، بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی و کۆمارە و دەڵێ:"جاران سەربەخۆییخواز بووین، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەگەر ئێوە رێگریشمان لێ بکەن، دەبینە کۆماریخواز. ئەمەش زەمینەی مێژوویی و زەمینەی کۆمەڵایەتیی هەیە. چونکە کورد تاوەکو ئێستا بەشداریی لە کۆماردا نەکردووە."
"بەڵێنی کارکردن بۆ کۆماری دیموکراتی دەدەم"
ئۆجەلان لە دیدارەکەدا پێشبینیی خۆی بۆ دەرچوونی یاساکە دەربڕیوە. رایگەیاندووە دوای دەرچوونی یاساکە مەودای کارەکانی فراوان دەبێت، پرۆسەکەی بە کارەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار بەراورد کرد و پێیوایە رێگە بۆ دەستوورێکی دیموکراسی خۆش دەبێت و گوتوویەتی:"من چاوەڕێی دەرچوونی یاساکەم. دوای دەرچوونی یاساکە، هەموو کەسێک دەنگم دەبیستێت. بەڵێنی کارکردن بۆ کۆمارێکی دیموکراسی دەدەم، لانیکەم هێندەی ئەو کار و فیداکارییەی لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا کرا، کە کۆماریش بەبێ کورد دانەمەزرا. بە لانیکەمەوە هێندەی سەرەتاکە بەڵێنی کارکردن بۆ کۆماری دیموکراسی دەدەم".
ئۆجەلان پرۆسەی چارەسەریی بە پرۆسەی 86 ملیۆن کەس وەسفکرد و رایگەیاند، بۆ هەموو کەسێک پێویستە، گوتیشی: "رێگە بۆ پرۆسەیەک خۆش دەکات کە کاریگەریی لەسەر چارەنووسی ناوچەکە و وڵات دەبێت، رێگە بۆ دەستوورێکی دیموکراسی خۆش دەکات و دەرفەتە ئابوورییەکان گەورەتر دەکات".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان راشیگەیاند دەکرێ بە جۆش و خرۆشی جەژن لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە و بە یەکەم هەنگاوی رێگەیەکی هەزار کیلۆمەتری وەسفی کرد.
هەردوو قۆناخی پرۆسەی چارەسەری
دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی پرۆسە (2013-2015)
رۆژی 30-9-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو كە بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک، کە لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند:" لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن، ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دیک دەکات. هەروەها هەر پارت و لایەنێک دەتوانێت بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات".
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی و کاریگەری بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کرد و پرۆسەی چارەسەریی بەدواداهات. ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد. بەڵام دواجار نەگەیشتنە یەک و لە قۆناخی دۆڵمەباخچە پرۆسەی ئاشتی لەبارچوو. سەبارەت بە لەبارچوونی پرۆسەکە ئاکپارتی و دەم پارتی (هەدەپەی ئەوکات) یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دروستبوو و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. لەو قۆناخە بەدواوە شەڕ دەستیپێکرایەوە و بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) درا.
ئەوکات بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی لەسەرووی هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتەکە و سەرۆککۆماری تورکیا دەیگوت کە شتێک بە ناوی کێشەی کورد نەماوە و هەموو کێشەکانیان چارەسەرکردووە.
پرۆسەی چارەسەری 2024
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی دوای دیدارەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە.
ئەو شاندە لە ناوەڕاستی شوباتی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، رۆژی 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
هەروەها رۆژی 11-7-2025 گرووپێکی 30 گەریلایی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە پشتیوانیی تەواوی فراکسیۆنەکان جگە لە ئیی پارتی، دامەزرا. ئەو کۆمیسیۆنە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە سازکرد و دواتریش راپۆرتێکی هاوبەشی نووسییەوە.
رۆژی 18-2-2026 راپۆرتەکە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە و بە 47 دەنگی بەڵێ، دوو دەنگی نەخێر و یەک دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
رۆژی 10ی ئابیش پرۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پەسندکرا.


