رووداو دیجیتاڵ
پەروین بولدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، یەکێک لە لیژنەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، لیژنەی داماڵینی چەک و بە سیاسی کردن دەبێت و ئۆجەلان تێیدا بەشدار دەبێت، چونکە ئۆجەلان ئەرکی رێکخستن بەو گەریلایانە دەکات کە دەگەڕێنەوە تورکیا.
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، پەروین بولدان و فایەق ئۆزگور ئێرۆل، لەگەڵ وەیسی ئاکتاش کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە زینداندا بوو، لە هۆتێلێکی ناوچەی تەقسیم لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە یاسای ژمارە 7595، یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، و قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەکەیان تاوتوێ کرد.
پەروین بولدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند کە کۆمیسیۆنی سەرپەرشتیاری پرۆسەی چارەسەری بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دادەمەزرێت و لە 24ـی ئاب یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز دەکات؛ بڕیار لەسەر دامەزراندنی چەند لیژنەیەک دەدات.
بولدان گوتی: "یەکێک لەو لیژنانە بریتی دەبێت لە (لیژنەی چەکدانان و بەسیاسیکردن) کە تێیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و رێکخستن بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە دەکات."
پەروین بولدان لەبارەی ناوەڕۆک و قۆناخی نووسینەوەی یاساکە رایگەیاند، ههوڵی زۆریان بۆ یاساکە داوە و گوتی: "لە سەرەتاوە ویستمان یاساکە ببینین و بیبەین بۆ لای بەڕێز ئۆجەلان، بەڵام ئەمە رووی نەدا. لە دوایین دیداری خۆماندا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان، نەک رەشنووسەکە، بەڵکو بیروڕای خۆمان لەسەر چۆنیەتیی نزیکبوونەوە دەربڕی و بیروڕا و پێشنیازەکانی ئەومان وەرگرت. رۆژێک پێش دەرچوونی یاساکە هاوڕێکانمان لەگەڵ یاسادانەرانی ئاکپارتی کۆبوونەوە و بەیانیی رۆژی دەرچوونی یاساکە توانیمان رەشنووسەکە ببینین."
لەبارەی بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر یاساکە، بولدان گوتی: "لە دوایین دیداردا هەمیشە ئۆجەلان دەیگوت؛ 'من زۆر لەسەر چەمکەکان نەوەستاوم. بۆ ئێمە گرنگ دەرچوونی ئەم یاسایەیە. با چەمکەکان بەلاوە بنێین. ئەم یاسایە، یاسایەکی ریشەییە. لە پرسی کورددا چۆن ئەم یاسایە پەرەپێدەدەین، بێگومان لە قۆناخەکانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. بەڵام من بۆ گەیشتن بەم قۆناخە هەوڵێکی گەورەم دا و یارییەکی شەترەنجی تاکەکەسییانەم کرد.' ئەم وشەیە تەواو هی خۆیەتی. لەم شەترەنجە تاکەکەسییەدا بێگومان کاتی زۆر قورس هەبوو کە تێپەڕی، بەڵام ئەو هەمیشە لە لایەنە پۆزەتیڤەکەی دەڕوانی. هەوڵیدا قۆناخێک بونیاد بنێت کە تێیدا خەباتی چەکداری کۆتایی دێت و خەباتی سیاسی دەستپێدەکات."
بولدان ئاشکرای کرد کە سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا قسەی لەگەڵ سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە و دیاریکرد بەپێی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە، پێشبینی دەکەن سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن.
لەبارەی کۆنگرەی دەم پارتی، بولدان گوتی: "مەزەندە دەکەین کۆنگرەی سەرەکی رەنگە پێش نەورۆز بێت. رێکەوتی تەواو دیار نییە بەڵام کۆنگرەی 6ـی ئەیلوول کۆنگرەیەکە بەهۆی ناچاریی یاساییەوە دەکرێت. دوای ئەوە ئامادەکاریی نوێ دەکرێت. لەم ئامادەکارییەدا بەڕێز ئۆجەلان باس لە پارتێکی نوێ دەکات. گۆڕانکاری لە پەیڕەو، بەرنامە و کادراندا. شوێنکەوتن و بزووتنەوەیەکی نوێ دەبێت کە هەموو رێکخستنە نوێیەکان لەخۆدەگرێت. ئەم بزووتنەوە نوێیە دوای کۆنگرەی 6ـی ئەیلوول دەست بە کارەکانی دەکات."
دوای بولدان، وەیسی ئاکتاش کە ساڵانێکی درێژ لەگەڵ ئۆجەلان لە زینداندا بوو و لەم بانگهێشتەی راگەیاندنەکاندا وەک "سکرتارییەتی ئیمراڵی" ئامادە بوو، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کرد و گوتی: "پار لە پرسی سووتاندن/دانانی چەکەکاندا دەبوو ئەم ئەنجوومەنە دروست بێت، بەڵام دواخرا. ئەم 'یاسای چوارچێوەییە'ی کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەبوو لە تشرینی یەکەمدا دەربچێت. بەڵام دۆخێک هەبوو پرۆسەکە وەستابوو. بۆیە نەدەکرا بچینە ناو کێشە سەرەکییەکەوە و هەنگاو بنرێت. بەڵام دوای پەسندکردنی لە 10ـی ئاب لە پەرلەمان، بۆ چارەسەری پرسی کورد زەوینەیەکی یاسایی نوێ بونیاد نرا."
هەروەها فایەق ئۆزگور ئێرۆل، پارێزەر و ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی خەمڵاندنەکانیان لە سایەی ئەم یاسایەدا نزیکەی 4 هەزار زیندانیی سیاسی ئازاد دەکرێن و نزیکەی 75 هەزار دۆسیەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن سوودمەند دەبن لەو یاسایە.
ئێرۆل ئاماژەی بەوەش کرد کە یاساکە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان لە ئیمراڵی پرۆسەکە باشتر بەڕێوەببات.
ئەنجوومەنی سەرپەرشتیاری پرۆسەی چارەسەری بڕیارە لە 24ـی ئابی 2026 یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات.
ئەم ئەنجوومەنە بەپێی مادەی 7 لە یاسای "بەهێزکردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا، دامەزرا. بەپێی یاساکە دەسەڵاتی پێدراوە بۆ پێشڤەچوونی پرۆسەکە داوای رێکخستنە دادوەری، کارگێڕی و یاساییەکان پێشکەش بە پەرلەمان بکات. هەروەها یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی، هەڵسەنگاندنی راپۆرتە ئەمنی و دادوەرییەکانە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی چەکدانان و رێکارە یاساییەکان لە جێبەجێکردنی مادەکانی یاساکە.
ئەنجوومەنەکە لە 8 ئەندام پێکدێت. یاریدەدەری سەرۆککۆمار سەرپەرشتی دەکات. جگە لەو، هەریەک لە سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، داد و بەرگری تێیدا ئەندامن.


