رووداو دیجیتاڵ وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە رێکاری یاسایی تایبەت بە 73 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی 25 پارێزگای وڵاتەکە دەستیان پێکراوە و چەندین کەس دەستگیرکراون. رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچن، ناسنامەی 46 گومانلێکراو دەستنیشان کراون. لەو ژمارەیەش 12 گومانلێکراو بە بڕیاری دادگا بە زیندانیکردن سزادراون؛ 21 کەسی دیکەش خراونەتە ژێر چاودێری دادوەرییەوە. گورلەک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "دارستانەکانمان ئەمانەتی نەوەکانی داهاتوون. پاراستنی دارستانەکان بە واتای پاراستنی داهاتوومان دێت." وەزیری دادی تورکیا هۆشداری تووندی دایە سەرپێچیکاران و دەڵێ: "پێویستە هەمووان بزانن، هەر کەسێک بە ئەنقەست یان بەهۆی کەمتەرخەمی و بێ باکییەوە ببێتەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان، بێ سزا نامێنێتەوە. هیچ کارێک کە زیان بە نیشتمانی سەوزمان بگەیێنێت، بێ وەڵام نابێت." ئەم لێدوانەی وەزیری داد لە کاتێکدایە، لە وەرزی هاویندا رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان زیاد دەکەن. بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، زیاتر لە نیوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە ساڵی 2025 لە دارستانەکانی وڵاتەکەدا تۆمارکراون بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوون، کە لە ئەنجامدا سووتانی زیاتر لە 40,000 هێکتار زەوی لە کۆی زیانی 81,473 هێکتاری سووتاو، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووە. ئامارەکانی وەزارەتەکە نیشانی دەدەن کە لە ساڵی 2025دا تورکیا رووبەڕووی 3 هەزار و 224 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا بووەتەوە. لەو ژمارەیەش، 1753 رووداوی ئاگرکەوتنەوە راستەوخۆ بەهۆی کەمتەرخەمی بووە، ئەمەش وایکردووە کەمتەرخەمی ببێتە هۆکاری یەکەمی سوتانی دارستانەکان لەسەر ئاستی سەرانسەری ئەو وڵاتە. لە داتاکانی وەزارەتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2025دا: •160 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست بووە (3,546 هێکتار سووتاوە) •279 رووداو بەهۆکاری سروشتی وەک هەورە برووسکە بووە (269 هێکتار سووتاوە) •1032 ئاگرکەوتنەوەش هۆکارەکەیان بە نەزانراوی ماوەتەوە (37,626 هێکتار سووتاوە).