رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی باش (ئیی پارتی) کە هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکەشە، لە کاتی سەردانیکردنی گرووپێک لە سەربازانی پێشووی سوپای تورکیا کە ئێستا خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن، لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لە ئەنجامدا گواسترایەوە نەخۆشخانە.
گرووپێک لە سەربازانی دێرینی سوپای تورکیا و بریندارانی سەنگەر، کە دژایەتی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن بۆ هەنگاوەکانی لە پرۆسەکەدا، ماوەیەکە لە ئەنقەرە گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکدەخەن.
سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی باش (ئیی پارتی) ، لە کاتی سەردانیکردنی ئەو گردبوونەوەیە لە پارکی قورتوڵوش، لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لێیان بووە ناخۆشی.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە لەو گرژییەدا تورکئۆغڵو تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
حوسێن راشید یڵماز، یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بۆ کاروباری راگەیاندن، بڵاویکردەوە:"یاریدەدەری سەرۆک و پەرلەمانتاری پارتەکەمان، سەلچوک تورکئۆغڵو، لە کاتی پشتگیریکردنی لەو سەربازە دێرینانەی لە پارکی کورتوڵوش داوای مافەکانی خۆیان دەکرد، بەهۆی بەکارهێنانی هێزی لە رادەبەدەری پۆلیسەوە بریندار بوو. ئێمە لە نیشتمانی خۆماندا نابینە غەریبە و لە وڵاتی خۆماندا نابینە کۆیلە!"
ئیی پارتی تاکە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو کە بە تەواوی دژی پرۆسەی چارەسەری بوو و دەنگی نەخێری پێی دا.
ئێستاش کە پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخی یاسایی و هەوڵی هەمواری تایبەت بە پرۆسە و چەکدانانی پەکەکە دەدرێت، ئیی پارتی بەردەوامە لە دژایەتیکردنی ئەو پرۆسەیە.



