رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیار لەسەر پێکهێنانی 4 لیژنە درا.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026 دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن کە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595ی – یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی- تایبەت بە پرۆسەی چارەەسری پێکهێنراوە، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆمار و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەشداربوون.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای تەواوبونوی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر پێکهێنانی 4 لیژنە درا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو لیژنانەی دامەزراون برتیین لە: "لیژنە هاوئاهەنگیی کاروباری دادوەری و یاسایی، لیژنەی بەدواداچوون و دەستنیشانکردن، لیژنەی گونجاندن و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و لیژنەی چەکداماڵین و هاوئاهەنگیی ستراتیژی".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595ـە کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و لە 18ی ئابدا دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی مادەی 7ی یاساکە، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن وەک بەرزترین دەستەی ئیداری و ئەمنی راسپێردرا تاوەکو سەرپەرشتیی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی بڕگە و ئامانجەکانی ئەم یاسایە بکات.
پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026دا یاسای ژمارە 7595ی تایبەت بە "بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، کە وەک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی نوێی چارەسەری و کۆتاییهێنان بە ململانێێ چەکداری نێوان تورکیا و پەکەکە سەیر دەکرێت.


