رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار، بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی ملازگرەوە لە شارۆچکەی خەلاتی سەر بە پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان کۆدەبێتەوە و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریش، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن.
ئەمرۆ سێشەممە، 25ی ئابی 2026، لە چوارچێوەی بەرێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوەی 955یەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ملازگر لە شارۆچکەی خەلات لە پارێزگای بەدلیس، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار، سەردانی ناوچەکە دەکات و بڕیارە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتیش لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە شارۆچکەی خەلات بەرێوەبچێت.
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت بریتی دەبێت لە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری، دوای پەسندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە لە پەرلەمان، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی ناوچەکە و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ دەکرێت.
دوای کۆبوونەوەکەش چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان قسە بۆ رۆژنامەڤانان بکات.
لە بەرنامەی دوو رۆژەی سەردانەکەیدا بۆ شارۆچکەی خەلات، ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆببێتەوە و سەردانی گۆڕستانی سەلجوقییەکان دەکات.
سەرکەوتنی ملازگر، جەنگێکی مەیدانییە کە لە مانگی ئابی 1071 لە نێوان دەوڵەتی سەلجووقیی و ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتین لە دەشتی ملازگری سەر بە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان روویدا و بە سەرکەوتنی تورکەکان کۆتایی هات.
یادکرنەوەی ئەو سەرکەوتنە لە شاروچکەی خەلات لە پارێزگای بەدلیس بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پێش دەستپێکردنی شەرەکە، خەلات شوێنی دارشتنی ستراتیژی جەنگ و سەربازیی ئەو شەڕە بووە و وەک ناوەندی بریاردانی سوڵتان ئاڵپارسڵان بەکارهاتووە، کە سەرپەرشتی جەنگەکەی کردووە.
ساڵانە یادکردنەوەی ئەو شەڕە بە بەشداری بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و حکومەت بەڕێوەدەچێت.
دروستکردنی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە خەلات ئامانج لێی بەهێزکردن و گرنگیدانی ناوەندی دەسەڵاتە بەم ناوچەیەی باکووری کوردستان.
ئەم ساڵ کۆبوونەوەکەی کابینە هاوکاتە لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ياسای ژمارە 7595، یاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە لە 10 ئابی 2026 بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسەند کرا.


