رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبارەی ئەو بابەتانەی چەند رۆژی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا جیاوازەکاندا بڵاوکراونەتەوە، نامەیەکی دەستنووسی لە رێی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە:"ئەو گوتە، دیدار، ناو، بەڵگەنامە، کۆنووس و ئاماژانەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و دراونەتە پاڵ من، دوورن لە راستییەوە. ئەو بڵاوکراوانە کردەی تێکدەرانەن کە لەلایەن نەیارانی پرۆسەکەوە ئەنجام دراون."
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی سێشەممە 25-8-2026 لە رێی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییەوە نامەیەکی دەستنووسی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا تەواوی ئەو راگەیێندراوانەی رەتکردنەوە کە زانیارییان لەبارەی دیدارەکانی ئیمراڵی بڵاوکردبووەوە.
راگەێیندراوی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
بۆ رای گشتی و میدیاکان
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان روونکردنەوەی خوارەوەی لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەی "لیژنەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن" کە لە چوارچێوەی (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی)دا پێکهێنراوە، هەروەها لەبارەی ئەو تۆمەت و بانگەشە ناڕاستانەی چەند رۆژی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، گەیاندووەتە دەست شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەوەی بە رای گشتی بگەیێندرێ. ئێمەش بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەینەوە:
دەستنووسەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
راگەیێندراوێک بۆ رای گشتی
ئەو ویستە بەهێزە سیاسییەی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلییەوە نیشان دراوە، ئەو راگەیێندراوەی لەسەر داوای من بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری بڵاوکرایەوە، هەروەها لە کۆتاییدا ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی دوێنێ کە لە چوارچێوەی "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"دا پێکهێندراوە و بەو پشتگیرییە مێژووییەی پارتە سیاسییەکان بووەتە یاسا، نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەکە بە هەنگاوی دڵنیا بەرەو پێشەوە دەچێت. پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار.
لەم قۆناخە مێژووییەدا، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی پرۆسەکە، پیلانگێڕییەکە دژی من دەکرێ. ئەو گوتە، دیدار، ناو، بەڵگەنامە، راگەیێندراو و ئاماژانەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و دراونەتە پاڵ من، دوورن لە راستییەوە. ئەم بڵاوکراوانە کردەی تێکدەرانەن کە لەلایەن نەیارانی پرۆسەکەوە دەکرێن.
سروشتییە کە زیاتر گەشە بەو هەوڵانەم بدەم کە لەپێناوی چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی برایەتی دەیاندەم.
داوا لە تەواوی چین و توێژەکان دەکەم، هاوتەریب لەگەڵ گیانی برایەتیدا هەڵوێست و هەوڵێکی ژیرانە و هۆشیارانە نیشان بدەن".
25ی ئابی 2026
عەبدوڵڵا ئۆجەلان




