رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و سکرتاریەتی دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان رایانگەیاند، پرۆسەی ئاشتی چووەتە قۆناخی یاسایی و دامەزراوەییەوە، هەروەها جەختیان لەسەر رۆڵی گرنگی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێویستیی دەرکردنی یاسای نوێ بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە کردەوە.
میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، گوڵتان کشەناک، سیاسەتڤانی کورد و چەتین ئارکاش، ئەندامی سکرتاریەتی ئیمراڵی لە ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەڤانان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا میتحەت سانجار رایگەیاند، لەم قۆناخەدا هیچ جۆرە بانگەوازێکی نوێ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بۆ چەکدانان لە ئارادا نییە و چاوەڕێی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.
لەبارەی رۆڵی ئۆجەلان لەو چوار لیژنەیەی لە لایەن دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، سانجار گوتی: "رۆڵی بەڕێز ئۆجەلان گرنگە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دابەشکردنی ئەرکەکان لە ئارادا نییە. لە ئەنجامی راوێژکارییەکاندا دیاری دەکرێت کە بەڕێز ئۆجەلان لەم دەستەیەدا چ رۆڵێک دەگێڕێت، دەتوانین بڵێین تێڕوانینێکی هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی چ رۆڵێک بگێرێت."
دەمێکە دەنگۆی گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە زیندانی ئیمراڵی هەیە، سانجار لەوبارەیەوە گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ دەکەن راست نین و لە شوێنی پێشووی خۆیدایە، بەڵام دیدارەکان لە هۆڵێکی گەورەتردا بەڕێوەدەچن. هەروەها لەم قۆناخەدا سەردانی راستەوخۆی سەرکردایەتیی قەندیل بۆ ئیمراڵی نەکراوە، بەڵام ئەم جۆرە دیدارانە لە داهاتوودا ئاساییە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گوڵتان کیشاناك سیاسەتڤانی کورد لە بارەی چۆڵکردنی کەمپی مەخموور، گوتی: "بابەتی گەڕانەوە دەبێت بە وردی تاوتوێ بكرێت. پێویستە ئەم کارانە بە بەشداریی ئەو کەسانەی لە مەخموور دەژین بەڕێوەببرێن. پێویستە ژینگەیەک دروست بكرێت، دەستەبەری ئەوە بکات دەتوانن جارێکی دیکە لە گوندەکەیان، کێڵگەکەیان و کوێستانەکەیاندا بژین."
گوڵتان کیشاناك ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەشداریی کورد لە ئیدارەی نوێی دیمەشقدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و جەختی لەسەر بەشداریکردنی رێکخراوە مەدەنییەکان و ژنان لە سەرجەم کۆمیسیۆنەکانی پرۆسەی ئاشتیدا کردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری چووەتە قۆناخێکی یاسایی، ماوەی چەند رۆژێکە لەرێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی نادروست هەوڵێک بۆ بەلارێدابردنی تیگەیشتنی رای گشتی هەیە لە پرۆسەی چارەسەری.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، سیاسەتڤانانی کوردیش لەرێگەی راگەیێندراو و دانیشتن لەگەڵ میدیاکان هەوڵی روونکردنەوەی پرۆسەی چارەسەر ی و جێبەجێکردنی یاساکە دەدەن.
سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لەهەڵمەتێکی هاوبەشدا دەستیکردووە بە چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو وێبسایت و هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەواڵی نادروست لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و جێبەجیکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە بڵاودەکەنەوە.



.jpg&w=3840&q=75)