رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، ئازاری لەدەستدانی رۆڵەکان لە هەردوولا (سەرباز و گەریلا) یەکە و دەڵێت: "خەمی ئەدیرنە و خەمی جۆلەمێرگ هەر خەمی ئێمەیە." دەشڵێت، وەستانی شەڕ و نەڕشتنی خوێن بۆ ماوەی دوو ساڵ، گەورەترین دەستکەوتی پرۆسەی چارەسەرییە.
شەوی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە ژێر ناونیشانی "دیداری خەڵک" لە شاری ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا.
"خەمەکان یەکلایەنە نین"
باکرهان لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی دایکان کردەوە و گوتی: "لە چوار لای تورکیاوە ناخۆشی هەبووە، ئەو قوربانییانە تەنیا یەکلایەنە نەبوون. خەمی ئەدیرنە و خەمی هەکاری لای ئێمە یەکە. هیوادارین لەمەودوا نە لە شرنەخ و نە لە تەکیرداخ دایکان فرمێسک نەڕێژن و گەنجانمان گیان لەدەست نەدەن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە رەنگە هەندێک لایەن بیانوو بگرن یان بایەخی پرۆسەکە کەم بکەنەوە، بەڵام بۆ ئەوانەی ئازاری "جەرگسووتان"یان چەشتووە، ئەم دۆخە زۆر گرنگە. باکرهان گوتی: "یەکێک لە سەرکەوتووترین خاڵەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ماوەی دوو ساڵە کەس نەکوژراوە، ئەمە گەورەترین دەستکەوتە."
بانگەوازێک بۆ دایکانی ئاشتی و شەممە
باکرهان رووی دەمیکردە "دایکانی شەممە" و "دایکانی ئاشتی" و داوای لێکردن خاوەنداریی لەم قۆناخە بکەن. باکرهان گوتی: "ئەمە پرۆسەی نەگەڕانەوەی تەرمی رۆڵەکانە. ئەوانەی ئازاریان نەدیوە، پڕ بە دەمیان قسە دەکەن، بەڵام دەبێت نرخ و بایەخی ئەم ئاشتییە لەوانە بپرسین کە رۆڵەکانیان لەدەستداوە."
یاسایەکی مێژوویی لە پەرلەمان
تونجەر باکرهان ئاماژەی بە وەرچەرخانێکی یاسایی گرنگ کرد و رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسند کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دا کە پرۆسەکە بە قۆناخێکی "زۆر هەستیاردا" تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە پشتیوانیی هەمووان هەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و تورکیایەکی دیموکرات.



.jpg&w=3840&q=75)