رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) دەڵێ، بەهۆی ئەو هەنگاوانەی لە پرۆسەی چارەسەریدا نراون، تورکیا دەچێتە "قۆناخێکی نوێی گەشەپێدان؛" ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی جەماوەر بۆ پرۆسەکە زۆر لە رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانیی جمهور (ئاکپارتی و مەهەپە) زیاترە.
ئاکپارتی لەژێر ناوی "دیدارەکانی سەتەی تورکیا" دەست بە چالاکیی مەیدانی دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا تاوتوێی پرۆسەی چارەسەری بکات.
ئەحمەد بویوگوموش، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی حیزبەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولدا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان کۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەکیش قسەکردن دەبێ لەسەر ئەو یاسا نوێیەی پەیوەستە بە پرۆسەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی وڵات.
بویوگوموش ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و گوتی: "بە گەیشتن بە تورکیایەکی بێ تیرۆر و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، هیوادارین پرۆسەی کۆتاییهێنان بە پەکەکە جێبەجێ بکرێ. بڕوایەکی بەهێزمان هەیە کە بە تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێی ئاوەدانی."
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی گوتی، سەرۆککۆمار و تەواوی ئەندامانی ئاکپارتی ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کەشە ئارام و برایانەیەی دروست دەبێت، بکرێتە هەوێنێک بۆ گەشەسەندنی ئابووری و دابینکردنی دەرفەتی نوێ بۆ گەلی تورکیا.
سەبارەت بە ئاستی رەزامەندیی خەڵک لە پرۆسەکە، بویوگوموش گوتی: "بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان، پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ درووشمی تورکیایەکی بێ تیرۆر، زۆر لە رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانیی جمهوور زیاترە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵک تینووی ئاشتی و سەقامگیرییە."
ئەو بەرپرسەی ئاکپاتی ئاماژەی بەوە کرد کە پەسندکردنی یاسای (بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) بە 467 دەنگ لە پەرلەمان، دەیسەلمێنێت کە لایەنە سیاسییەکان هەرچەندە دژبەیەکیش بن، دەتوانن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان رێکبکەون؛ گوتیشی: "هیچ پرسێک نییە لە تورکیا نەتوانین لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەری بکەین."
لە چوارچێوەی ئەم پلانە نوێیەدا بڕیارە ئەندامانی کابینەی حکومەت، پەرلەمانتاران، سەرۆک شارەوانییەکان و تەواوی رێکخستنەکانی ئاکپارتی بچنە شار و شارۆچکەکان بۆ ئەوەی راستەوخۆ گوێ لە رەخنە و پێشنیازەکانی خەڵک بگرن.
بویوگوموش گوتی: "تاکە قیبلەنمای ئێمە میللـەتە، بۆیە هەر راوبۆچوونێک لەم دیدارە مەیدانییانەدا وەریبگرین، دەبێتە بنەما بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی داهاتوومان."


