رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا دەڵێ، دراماکانی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان بوونەتە براند و ئێستا نزیکەی یەک ملیار کەس بینەریانن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "تورکیا یەکێکە لە سێ وڵاتە هەرە پێشەنگەکانی جیهان لە فرۆشتنی زنجیرە دراماکاندا."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کۆڕبەندێکی میدیایی سێ رۆژەی بە ناونیشانی (گێڕانەوەی جیهانیی براندی تورکیا: دراماکانی تورکیا) لە ئیستەنبووڵ رێکخست و تێیدا محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزار و بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ نوێنەرانی پیشەسازیی دراما کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەریی دراماکان لەسەر ناساندنی زیاتری تورکیا و بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار.
وەزیری گەشتوگوزاری تورکیا لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، دراماکانی تورکیا لە بەهێزترین ئامرازەکانی ناساندنی براندی وڵاتەکەن؛ گوتیشی: "لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن دراماکانی تورکیا لە ئەفریقاوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ناوچەی باڵکان، تۆڕێکی بەرفراوانی بینەریان هەیە."
ئەرسۆی گوتی، ئەم سەرکەوتنە تەنیا "شەپۆلێکی کاتیی سەرنجڕاکێشان" نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ "توانایەکی ستراتیژیی گەورە" لەنێو بازاڕی بەرهەمهێنانی جیهانیدا.
بە گوتەی وەزیری گەشتوگوزاری تورکیا، دراماکان تەنیا بۆ کات بەسەربردن نین، بەڵکو کاریگەریی قووڵیان لەسەر بینەران هەبووە؛ ئاماژەی بەوە کرد کە بینەران لە رێگەی دراماکانەوە فێری وشەی تورکی دەبن و ئاشنای میوزیک، خواردن، نەریت و کولتووری ژیانی تورکیا دەبن؛ ئەوەشی خستەڕوو کە بینەران بەدوای ئەو شار و شوێنانەدا دەگەڕێن کە دراماکان تێیاندا وێنەی گیراوە، ئەمەش راستەوخۆ خزمەتی بە کەرتی گەشتوگوزار کردووە.
محەممەد نووری ئەرسۆی باسی لەوە کرد، حکومەتی تورکیا قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی دراما و بەرهەمی دیکەی هونەری دەستپێدەکات بۆ ئەوەی ئەم پێشەنگییەی وڵاتەکەیان لەو بوارەدا بەردەوام بێت.
دوای ئەمریکا، تورکیا دووەم بەهێزترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماکان. دراماکانی تورکیا لە لایەن دامەزراوە میدیاییەکانی 166 وڵاتەوە دەکڕدرێن و پیشان دەدرێنەوە. زۆرترین بینەری دراماکان لە وڵاتانی ناوچەی بەڵکان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەورووپایە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ساڵی 2024 بایی 896 ملیۆن و ساڵی 2025 بایی 564 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە (درامای بە وڵاتان فرۆشتووە).


