رووداو دیجیتاڵ
فیدان ئاتاڵای، کە لە تورکیا بە "مامۆستا فیدان" ناسراوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاو و نمایشکردنی جەستەی لەلایەن دادگەی ئەنقەرەوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، دادگەی ئەنقەرە بڕیاری لەسەر دۆسیەی ئەو مامۆستایە دەرکرد، کە بەپێی ماددەی 226ـی یاسای سزاکانی تورکیا تۆمەتبار کرابوو بە "بڵاوکردنەوەی دیمەنی نەشیاو" کە لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتیدا ناگونجێن.
کێشەی ئەم مامۆستایە لە ساڵی 2022ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کاتی وانەگوتنەوە لە شاری ئیزمیر بڵاوکرایەوە. لەو کاتەدا پۆشاکەکەی لە ناو پۆلدا بووە جێگەی رەخنەی تووندی بەشێک لە خەڵک و داوای سزادانیان دەکرد، بەڵام فیدان ئاتاڵای داکۆکی لە خۆی کرد و گوتی: "ساڵانێکە بەو شێوازە وانە دەڵێمەوە و کاریگەریی خراپیشی لەسەر کوالێتیی خوێندن نەبووە."
لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا، فیدان ئاتاڵای زیاتر وەک "ڤلۆگەر" لە سۆشیاڵ میدیا دەرکەوت و دەستی بە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ و وێنەی "نیمچەڕووت" کرد. ئەمەش وایکرد ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات و ژمارەی بینەرانی لە سەکۆ جیاوازەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە، داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە ئەیلوولی 2024ـدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەستیپێکرد و رۆژی 12ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە ئیزمیر دەستگیرکرا. دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە، دۆسیەکەی لە دادگە مایەوە تاوەکو رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، کە تێیدا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو و رەوانەی زیندان کرا.
پرۆسەی دادگەیی ئەو دۆسیەیە بەردەوام دەبێت و بەگوێرەی بڕیاری دادگە دەبێت فیدان ئاتاڵای لە زیندان بمێنێتەوە.



