رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی دەم پارتی دەکات و رایدەگەیێنێت، دەوڵەتی تورکیا لە دانانی پرسە بۆ گەریلاکانی پەکەکە نیگەرانە و چیدی رێگە بەو کارە نادات. دەشڵێت، بەکارهێنانی وشەی "شەهید" بۆ ئەندامانی پەکەکە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکات.
شامیل تەیار، پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی و سیاسەتڤانی تورک، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی پرسە بۆ ئەندامانی پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکان کاردانەوەی تووندی لێکەوتووەتەوە. دەشڵێت: "زانیاریی پشتڕاستکراوم پێگەیشتووە کە دەوڵەت هۆشداریی داوە و رێگە بەم جۆرە پرسەدانانە نادات."
ئەم مشتومڕە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی 468 پەرلەمانتار، یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پەسند کرد. دوای ئەم هەنگاوە، رێکخستنەکانی دەم پارتی دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی دانانی پرسە کرد بۆ ئەو گەریلایانەی لە ساڵانی رابردوودا گیانیان لەدەستدابوو. یەکەم پرسە لە 12ـی ئاب لە ئامەد دانرا و دواتر شارەکانی ئیستەنبووڵ، جۆلەمێرگ، شرنەخ، دێرسیم و مێردینیشی گرتەوە.
شامیل تەیار ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییە کرد کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە بۆ چارەسەری دەستی پێکردووە و گوتی: "دانانی پرسە بۆ کوژراوانی پەکەکە بە ناوی 'شەهید'، گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر." ئەو داوای کرد بۆ پاراستنی هەستیارییەکانی کۆمەڵگە، پێویستە دەم پارتی لەم کارانە "کۆنترۆڵ بکرێت."
رۆژی 28ـی ئابی 2026، موراد قەرەیڵان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ئاماری 50 ساڵەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، لە نێوان ساڵانی 1976 بۆ 2026، کۆی گشتی 26 هەزار و 424 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، کە 99 کەسیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو پارتە بوون.



