رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە گرووپی (سولەیمانچییەکان)، ئیدریس نایم شاهین، وەزیری پێشووتری ناوخۆی تورکیا لەسەر بریاری داواکاری گشتی، بۆ وەڵامدنەوەی چەند پرسیارێک چووە دادگەی ئەنقەرە.
لە راپۆرتی داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئاماژەدراوە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ گواستنەوەی حیلمی تونا کوریش (تۆمەتبار و داواکراو) بۆ مارماریس بەکارهاتووە، لەسەر ناوی شاهین تۆمارکراوە.
ئیدریس نایم شاهین دوای ئەوەی بانگهێشت کرا، چووە بەشی پرۆتۆکۆلی دادگەی ئەنقەرە لە ناوچەی سهیە.
حیلمی تونا کوریش لە مارماریس دەستگیرکرابوو
لە لێکۆڵینەوەکەدا حیلمی تونا کوریش کە بڕیاری دەستگیرکردنی هەبوو، لەو کاتەی ئامادەکاریی دەکرد بۆ چوونە دەرەوەی وڵات، لە مارماریس دەستگیرکرا.
دوای دەستگیرکردنی کوریش، لە چوارچێوەی بەدواداچووندا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی گەیشتنی بە مارماریس دەستی پێکرد.
لە ئەنجامدا دەرکەوت کە ئەو ئۆتۆمبێلەی کوریشی گەیاندووەتە مارماریس، لەسەر ناوی ئیدریس نایم شاهین تۆمارکراوە.
تاوەکو ئێستا 81 کەس بەندکراون
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە گرووپێکی تاوانکاری بە سەرۆکایەتیی عەلیهان کوریش، تاوەکو ئێستا لەو گومانلێکراوانەی رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، 81 کەسیان زیندانی کراون و بۆ 10 کەسیش رێکاری چاودێریی دادوەری جێبەجێ کراوە.
لەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی ئەنقەرە بەڕێوەدەچێ، رێکاری ئەمنی بەرامبەر دوو گومانلێکراو گیراوەتەبەر.
هاوکات هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی 27 تۆمەتباری هەڵاتوو بەردەوامن. هەروەها دەست بەسەر 50 کۆمپانیا و چوار کۆمەڵەدا گیراوە کە پێدەچێت پەیوەندییان بەو گرووپەوە هەبێت.
ئیدریس نایم شاهین
ساڵی 1965 لەدایکبووە
دەرچووی کۆلیژی یاسایە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ
ساڵانێک لە جزیر و زۆر شوێنی دیکەدا قایمقام بوو
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی بوو
ساڵانی 2002-2007 پەرلەمانتار بوو
2011-2013 وەزیری نێوخۆی تورکیا بوو
رۆژی 25-12-2013 دەستی لە ئاکپارتی کێشایەوە


