رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکەی لە کەرتی بەرگری و فڕۆکەوانیدا لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 16.2% زیادیکردووە و کۆی گشتیی هەناردەی 12 مانگی رابردووش گەیشتووەتە 10.9 ملیار دۆلار.
هالوک گۆرگون، ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوێترین ئاماری هەناردەی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە مانگی ئابدا قەبارەی هەناردە 511.4 ملیۆن دۆلار بووە.
گۆرگون لەبارەی گەشەی ئەم کەرتە رایگەیاند: "پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیمان هێزی خۆی لە هەناردەکردندا زیاتر دەکات. لە مانگی ئابدا گەیشتووینەتە ئاستی 511.4 ملیۆن دۆلار."
گەشەی هەشت مانگی ئەمساڵ
بەگوێرەی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، کۆی هەناردەی بەرگری و فڕۆکەوانی گەیشتووەتە 6.3 ملیار دۆلار. ئەم ژمارەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 16.2% بەرزبووەتەوە.
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی لێهاتوویی ئەندازیاریی، توانای بەرهەمهێنان و زیادبوونی کاریگەریی تورکیایە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.


