رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی (بێتیمار) بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسی لەبارەی پێگەی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاکپارتی بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش پارتەکانی دیکە دێت.
ناوەندەکە لقی سەرەکی لە ئەنقەرەیە و لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی خۆیدا ئەنجامی دوایین راپرسی بڵاوکردەوە و دەڵێت، (ئاکپارتی) بە جیاوازی 15.3٪ پێش (پارتی نوێ) دێت.
ناوەندەکە دەڵێت، لە رۆژانی 26-28ـی ئابی 2026 بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆچوونی دوو هەزار و 320 کەسی لە 25 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان وەرگرتووە و دەڵێت: "پرسیارمان لە دەنگدەران کرد، ئەگەر یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کامە لایەنی سیاسی دەدەیت؟"
وەک نەریتێکی باو لە تورکیا، سەرجەم هەڵبژاردنەکان رۆژی یەکشەممە ئەنجام دەدرێن.
بەپێی راپرسییەکە، ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 35.4٪ـی دەنگەکان پێش (پارتی نوێ) کەوتووە. (پارتی نوێ) بە 20.1٪ـی دەنگەکان لە ریزبەندی دووەم دێت. (ئیی پارتی) بە 9.3٪ لە ریزبەندی سێیەم، (دەم پارتی) بە 9.2٪ لە ریزبەندی چوارەم، (مەهەپە) بە 7.7٪ لە ریزبەندی پێنجەم، (جەهەپە) بە 5.3٪، (پارتی کلیل) بە 3.6٪، (پارتی زافەر) بە 2.8٪، (پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ) بە 2.2٪ و (پارتی کرێکاران) بە 1.1٪ شوێنی خۆی کردەوە. پارتەکانی دیکەش بە 3.3٪ لەم راپرسییەدا دەنگیان بەدەستهێنا.


