رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، پرۆگرامێکی سەربەخۆی خوێندنی بۆ زاراوەی زازاکی (کرمانجکی) داڕشت کە لە قۆناخی ناوەندیدا وەک وانەیەکی هەڵبژاردە لە چوارچێوەی "وانەی زمان و زاراوە زیندووەکان" دەخوێندرێت.
پێشتر شێوەزاری کرمانجکی لەگەڵ زاراوەی کرمانجی لەژێر یەک پرۆگرامی هاوبەشدا دەخوێندرا، بەڵام بەپێی پرۆگرامی نوێی نزیکەی 200 لاپەڕەیی کە لە چوارچێوەی "مۆدێلی پەروەردەی سەدەی تورکیا" ئامادەکراوە، لە پۆلەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشت وەک پرۆگرامێکی سەربەخۆ دەخوێندرێت.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رێکخستنەوەیەکی بۆ پێگەی زازاکی لە سیستمی پەروەردەدا کردووە.
بە ئامادەکردنی "پرۆگرامی نوێی وانەی زمان و زاراوە زیندووەکان (زازاکی) بۆ قۆناخی ناوەندی"، پێکهاتەیەکی پرۆگرامی خوێندنی تەواو جیاواز بۆ زازاکی دروستکرا. لەسەر بەرگی بەڵگەنامەکەشدا، زازاکی راستەوخۆ وەک پرۆگرامێکی خوێندنی جیاواز ئاماژەی پێکراوە.
لە پرۆگرامی پێشووی وەزارەتدا، کرمانجی و زازاکی وەک دوو زاراوەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی یەک پرۆگرامدا دەخوێندران.
لە دەقی پرۆگرامی پێشووی وەزارەتی پەروەردەدا بەڕوونی هاتبوو، "پرۆگرامەکە خاوەنی ناوەڕۆکێکی هاوبەشە کە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی (کرمانجی و کرمانجکی) ئامادەکراوە".
بەڵام لە رێکخستنەوە نوێیەکەدا، ئەو پێکهاتە هاوبەشە لەگەڵ کرمانجی هەڵوەشێندرایەوە و رێزمان، بابەتەکان، وشەسازی و دەرەنجامەکانی فێربوون تایبەت بە زازاکی دیاریکران. بەم شێوەیە، زازاکی لەناو سیستمی پەروەردەدا بووە خاوەنی پرۆگرامی خوێندن و پێکهاتەی سەربەخۆی خۆی.
پرۆگرامەکە لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە لەلایەن گرووپێکی کاری هاوبەشەوە ئامادەکراوە کە پێکهاتبوون لە ئەکادیمیستانی زانکۆکانی چەولیگ، مونزور و ئەنقەرە، لەگەڵ مامۆستایانی زازاکی لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نیشتمانیی چەولیگ.
پرۆگرامەکە نزیکەی 200 لاپەڕەیە و لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پەروەردە و رێنماییەوە پەسەند کراوە، جگە لە پرەنسیپە گشتییەکان، بۆ هەر ئاستێکی پۆلەکان لە پۆلی پێنجەوە تاوەکو هەشت، بابەتی تایبەت و دەرەنجامی فێربوونی دیاریکردووە.
ئامانجی سەرەکیی پرۆگرامی نوێ ئەوەیە کە زمانەکە تەنیا لە ئاستی تیۆری و رێزماندا نەمێنێتەوە، بەڵکو قوتابییان بتوانن لە ژیانی رۆژانەدا بە زازاکی پەیوەندی بکەن.
لە چوارچێوەی پرۆگرامەکەدا، ئامانج گەشەپێدانی چوار لێهاتوویی سەرەکیی زمانە: گوێگرتن-تێگەیشتن، خوێندنەوە، قسەکردن و نووسین. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت قوتابییان بتوانن زازاکی لە ژینگەی سروشتیی خۆیدا بەکاربهێنن و شارەزای ئەو میراتە کولتوورییە بن کە زمانەکە دەیگوازێتەوە.
لە وانەکاندا کە بە یەک یان دوو کاژێر لە هەفتەیەکدا دانراون، لە هەر ساڵێکی خوێندندا چوار بابەتی سەرەکی دەخوێندرێن. وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، ئامانج لە سنووردارکردنی ژمارەی بابەتەکان ئەوەیە قوتابییان لەبری زانیاریی رووکەش، فەرهەنگۆکێکی قووڵتر بەدەستبهێنن.
کتێبەکانی خوێندن سەرلەنوێ دەنووسرێنەوە
بە سەربەخۆکردنی پرۆگرامی خوێندن، پێویستە کتێبەکانی ئێستای وانەی زازاکیش سەرلەنوێ ئامادە بکرێنەوە.
لە پرۆگرامی نوێی خوێندندا، کتێبی قوتابی، کتێبی کار و کتێبی رێبەری مامۆستا بۆ پۆلەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشت بە جیا پلانیان بۆ داڕێژراوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پەروەردەوە، کتێبە نوێیەکان چاپ بکرێن و بەسەر قوتابییاندا دابەش بکرێن.
لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆگرامی نوێ، بڕیارە هەنگاوی نوێ لە پرۆسەکانی کارگێڕی و دامەزراندنیشدا بنرێت:
لە میتۆدی هەڵبژاردنی وانەکانی وەزارەتی پەروەردەدا، زازاکی وەک هەڵبژاردەیەکی سەربەخۆ دادەنرێت.
لە وەرگرتنی مامۆستایاندا، زازاکی بە کۆدێکی لقی جیاواز لیست دەکرێت.
بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکی مامۆستایانی زازاکی، دەرچووانی بەکالۆریۆسی بەشەکانی زمانی زازاکی و ئەدەبیاتی لە زانکۆکاندا بە بنەما وەردەگیرێن.



