رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی وان سپۆر، بڕیاریدا سەرجەم داهاتی فرۆشتنی بلیتەکانی یاریی ئەم هەفتەیەی ببەخشێتە هەڵمەتی چارەسەرکردنی دەفنە ئاتماجا، ئەو منداڵەی تووشی نەخۆشیی دەگمەنی پەککەوتنی ماسولکەکان بووە.
سبەی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026 لە خولی پلە یەکی ترێنیدۆڵی تورکیادا یانەی وانسپۆر رووبەڕووی ئەنقەرە کەچیئۆرێنگوجو دەبێتەوە و تەواوی داهاتی بلیتی یارییەکە بۆ دەفنە ئاتماجا تەرخان دەکرێ.
لە راگەیێندراوێکی فەرمیی یانەی وان سپۆردا، بانگەواز ئاراستەی هاندەران و هاووڵاتییان کراوە تاوەکو بە کڕینی بلیت بەشدار بن لە هەڵمەتەکەدا.
یانەکە لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە "با بلیتی تۆ ببێتە هیوایەک بۆ دەفنە" و کڕینی هەر بلیتێک جگە لە پشتیوانیکردنی یانەکە لە یاریگادا، بەشدارییەکی راستەوخۆ دەبێت لە دابینکردنی تێچووی چارەسەری پزیشکیی ئەو منداڵە.
بلیتەکانی یارییەکەش لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە خراونەتە بازاڕ.
پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییە مرۆییەکان لە رێگەی چالاکییە وەرزشییەکانەوە، بەهێزبوونی رۆڵی کۆمەڵایەتیی یانەکان و گیانی هاوکاری لە نێوان پێکهاتەکاندا نیشان دەدات.
ئەم هەنگاوەی وانسپۆر سەرنجی گشتی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو نەخۆشانە رادەکێشێت کە تووشی نەخۆشی دەگمەن بوونە یان پێویستیان بە بڕە پارەیەکی زۆرە بۆ چارەسەری.
نەخۆشیی پەککەوتنی ماسولکەکانی پشت نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییە و تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکیی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
لە رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان چەندین هەڵمەتی جەماوەری و بەخشین بۆ کۆکردنەوەی تێچووی دەرمانی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی دەگمەنەکان رێکخراوە.


