رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی ئۆپۆراسیۆنێکی هاوکات لە 22 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، 27 ئەندامی گرووپێکی تاوانکاریی دیجیتاڵی بەناوى (سی 31 کەی) دەستگیرکران کە پلانیان دانابوو لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا هێرشی چەکداری بکەنە سەر 3 قوتابخانە لە 3 پارێزگای جیاوازدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەنقەرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند، تۆمەتباران لە رێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان وەک تەلەگرام، دیسکۆرد، ئێکس و یوتیوبەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی بێڕێزیکردن بە ئاڵا، سووکایەتیکردن بە بەها نیشتمانییەکان، ئەشکەنجەدانی ئاژەڵان، بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی منداڵان و هەڕەشە و سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی بوون.
هەروەها لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە لە ناو رێکخراوەکەدا، پلانیان بۆ پەلاماردانی چەکداری لە کاتی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا بۆ سەر 3 قوتابخانەی جیاواز لە 3 پارێزگادا هەبووە.
دادگە بریاری دەستگیرکردنی بۆ 32 گومانلێكراو دەرکردووە و 27 کەس کە 19یان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە، دەستگیرکراون و دەست بەسەر کەلوپەلە دیجیتاڵییەکانیاندا گیراوە.
داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هەوڵەکانی ئەو گرووپە بە وردی بەردەوامە.
بریارە رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026 یەکەم رۆژی دەستپێرکدنی قوتابخانە بێت لە تورکیا و و باکووری کوردستان.
تێوەگلانی مێرمنداڵان لە تاوانکاریی رێکخراوی و دیجیتاڵی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی قوتابخانەکان، ئاستەنگێکی نوێی ئەمنی و کۆمەڵایەتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان. دەزگە ئەمنییەکانی تورکیا رێکارە سزاییەکانیان لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئەم سەکۆیانە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی تووندتر کردووەتەوە.


