رووداو دیجیتاڵ رۆژنامەڤانێکی تورکیا لە زاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ەوە دەڵێ، "شوێنێک بە ئاسوودەیی ماڵ" لە دوورگەی ئیمراڵی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دروستکراوە، بەڵام رەتی دەکاتەوە بچێتە ئەوێ. رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، ناگیهان ئاڵچی، رۆژنامەڤانی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی لە بارەگای گشتیی مەهەپە لە ئەنقەرە، لە بەرنامەیەکدا لە کەناڵی یوتیووبی خۆی بەشێکی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی باسکرد. ئاڵچی لە زاری باخچەلییەوە دەڵێ: "لە دوورگەی ئیمراڵی ماڵێک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروستکراوە؛ شوێنێکە باخچەی لەبەردەمە، دەرفەتی ژیانی مرۆیی دابین دەکات و ئاسوودەیی ماڵەوەی هەیە." ئەو رۆژنامەڤانە لە زاری باخچەلییەوە باس لەوە دەکات کە ئۆجەلان تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە بچێتە ئەو ماڵە. ناگیهان ئاڵچی دەڵێت: "پرسیارم کرد 'بۆچی؟' ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "چونکە داوای زانینی پێگەی خۆی دەکات." عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی 1999ەوە لە دوورگەی ئیمراڵی لە رۆژئاوای ئیستەنبووڵ زیندانییە و رۆڵێکی کاریگەری لەو پرۆسەیەدا هەیە کە بە پرۆسەی چارەسەری ناودەبرێ.