رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا، ژمارەیەک رووناکبیر، هونەرمەند، ئەکادیمی، سیاسەتڤان، چالاکڤان، کرێکار و گەنج راگەیێندراوێکیان بە ناونیشانی (1001 واژۆ بۆ کۆماری دیموکراسی و ئاشتی) بڵاوکردەوە. تێیدا داوای ئاشتی، هاونیشتمانیی یەکسان و چارەسەری دیموکراسیی دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، لە ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی ئەیوب سوڵتان لە ئیستەنبووڵ بە ئامادەبوونی ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، رووناکبیر، هونەرمەند، ئەکادەمی، سیاسەتڤان، چالاکڤان، راگەیاندکاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رێوڕەسمێک بە ناوی "1001 واژۆ بۆ کۆماری دیموکراسی و ئاشتی" بەڕێوەچوو.
واژۆکاران، بە درووشمی (چیرۆکە راستەقینەکان کاتێک دەستپێدەکەن کە کۆمەڵگەکان واز لە خەون بۆ داهاتووی خۆیان ناهێنن) دەستیانپێکرد. ئاماژەیان بەوە کرد کە ژمارە "1001" لە چیرۆکەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، هێمای هیوا و گۆڕینی تاریکییە بۆ رووناکی. ئەوان داوایان کرد، لە بەرامبەر ناکۆکی و جیاکاری، بەرگری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکرێت.
دەقی راگەیێندراوەکە لەلایەن رۆژنامەڤان، نەزاهەت دۆغان خوێندرایەوە. تێیدا جەخت لەوە کرایەوە "چیرۆکەکان بۆ شاردنەوەی راستی ناگێڕدرێنەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگێڕدرێنەوە کە ئازاری راستیی کەمبکەنەوە و دووبارە دایبڕێژنەوە."
خاڵە سەرەکییەکانی راگەیێندراوەکە بریتی بوون لە:
•پشتیوانی لە چەکدانان و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک لە رۆژەڤی وڵات و کۆمەڵگەدا.
•داننان بەوەی کە سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکە، نکۆڵیکردنە لە بوونی کورد. بۆیە داوای دڵنیایی دەستووری بۆ هاونیشتمانیی یەکسان و مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەین.
•پشتیوانی لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا. هەروەها جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا.
•رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەکتەرەکان تاوەکو لە هەلومەرجێکی ئازاد و یەکساندا دانوستاندن بکەن. هەروەها جێبەجێکردنی پرەنسیبی "مافی هیوا" بەپێی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و داواکارییەکانی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکێشکرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.


.webp&w=3840&q=75)
