رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی کوشتنی (سامی شێخمووس حەسۆ) ناسراو بە (سیپان حوزنی) لە لیوای حەسەکەی سەر بە سوپای سووریا و ئەو دەستوەردانەی کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک زیندانی لە گرتووخانەی کۆبانێ.
لە راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە هەردوو رووداوەکە لە قۆناخێکی هەستیاری پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوون لە سووریادا روویانداوە و بە "تێکدانی ئاشکرای ئارامی" ناساندوویانە.
دەم پارتی داوای کردووە، رووداوی کوشتنەکان لە هەموو روویەکەوە ئاشکرا بکرێن و بەرپرسانیش بەبێ گوێدانە پلە و پۆستیان، راپێچی دادگە بکرێن.
هەروەها بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەخت لە "پێویستیی کشانەوەی ئەو هێزە ئەمنییانەی لە حەلەبەوە بۆ کۆبانێ نێردراون و دوورکەوتنەوەی حکومەتی دیمەشق لەو هەنگاوانەی کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی رووداوەکان" کراوەتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی:
"سەرکۆنەی توندی رفاندن و کوشتنی سیپان حوزنی دەکەین، کە لە چوارچێوەی لیوای حەسەکەدا ئەرکدار بوو. هەروەها سەرکۆنەی ئەو دەستوەردانەش دەکەین کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیندانیان لە گرتووخانەی کۆبانێ. بەهۆی ئەم رووداوە دڵتەزێنانەوە خەمبار و دڵگرانین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیان و خەڵکی رۆژئاوا دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
جێگەی سەرنجە کوشتنی سیپان حوزنی لە قۆناخێکی هەستیاری پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوون لە سووریادا روویداوە. ئەم کوشتنە و شێوازی دەستوەردان لە گرتووخانە، تێکدانی ئاشکرای سەقامگیری و ئارامییە.
پێویستە کوشتنی سیپان حزنی و رووداوەکانی گرتووخانەی کۆبانێ بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. دەبێت هۆکاری کوشتنەکان دەستبەجێ ئاشکرا بکرێن و بەرپرسان بەبێ گوێدانە هیچ پلە و پۆستێک، دەستنیشان بکرێن و راپێچی دادگە بکرێن.
پێمانوایە کشانەوەی ئەو هێزە ئەمنییانەی لە حەلەبەوە بۆ کۆبانێ نێردراون، دروستترین هەنگاو دەبێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان. پێویستە حکومەتی دیمەشق خۆی لەو دەستوەردانانە بەدووربگرێت کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی رووداوەکان. نابێت وەڵامی کاردانەوەی دیموکراسییانەی خەڵکی رۆژئاوا بە داپلؤسین بدرێتەوە؛ پێویستە مامەڵەیەک بکرێت کە گرژیی کۆمەڵایەتی کەمبکاتەوە، نەک زیاد بکات.
هەر رووداوێک لەم قۆناخە ناسکەدا، دەکرێت ببێتە زەمینەیەک بۆ چەواشەکاری و تێکدانی ئارامی. رێگەنەدان بە دروستبوونی ئەم زەمینەیە، ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەنە بەرپرسەکانە."



