رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر سعودیە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، "ئەو هێرشە درۆنییانەی لە خاکی عێراقەوە کراون و سعودییەیان کردووەتە ئامانج، بە تووندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین."
لە راگەیێندراوەکەدا، پشتیوانیی تورکیا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سعودیە دووپاتکراوەتەوە و هەڵوێستی دانبەخۆداگرتن و پەرەنەسەندنی گرژییەکانی لەلایەن ریازەوە بەرز نرخێندراوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پێشوازیی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق کردووە کە هێرشەکانی سەرکۆنە کردووە و دەستبەجێ دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دووبارە داوا دەکەین کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها دووربکەونەوە لەو هەنگاوانەی کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان."
حکومەتی سعودیە رایگەیاندبوو، لە هێرشەکاندا کە بە درۆن و لە عێراقەوە کراون، هێڵی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای کردووەتە ئامانج و زیانی ماددی و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ریاز، ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، "لەم قۆناخەدا بڕیاریانداوە وەڵام نەدەنەوە،" بەڵام مافی خۆیان دەپارێزن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆیان.
رۆژی شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەزامەندی لەسەر داواکارییەکی لایەنی ئێرانی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە دۆزینەوەی چەند سەکۆیەکی ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە نزیک هێڵی سنووریی نێوان عێراق و ئێران.
رووداو زانیویەتی، چەقی لێکۆڵینەوەکە لە دەروازەی (شەیب)ی لە پارێزگای مەیسان دەبێت.
ئەم رێکارە ئەمنییانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا)ی وڵاتەکەی لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە بە "چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە" هێرشی کراوەتە سەر.
شەوی رابردووش بە فەرمانی عەلی زەیدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان لەکارلادرا.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، لە چوارچێوەی رێکارە ئەمنییەکاندا دەروازەی سنووریی (شەیب) لە پارێزگای مەیسان تا کاتێکی نادیار بە تەواوی دادەخرێ، جگە لە رێگەدان بە پەڕینەوەی ئەو گەشتیار و زیارەتکارانەی لە هەردوو دیوی عێراق و ئێراندا گیریان خواردووە.
لە پارێزگای بەسرەش، دەروازەی سنووریی (شەلامچە) بە تەواوی بە رووی گەشتیار و زیارەتکاران و جووڵەی بازرگانیدا داخراوە و ئێستا لیژنەی ئەمنیی تایبەتمەند لە دەروازەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند پێشێلکارییەک و داڕشتنی میکانیزمێکی نوێی کارکردن، لە کاتێکدا دەروازەی سنووریی (زرباتییە) لە پارێزگای واست بە کراوەیی ماوەتەوە و لەژێر چاودێریی تووندی ئەمنیدایە.



