رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە ئامەدەوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەچوو، لە ناوچەی ئەیوب سووڵتان لە پارێزگای ئیستەنبووڵ کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە بەربەستەکاندا کێشا و دواتر گڕی گرت. لە ئەنجامی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی 13ی ئەیلوولی 2026 روویدا، کاتێک پاسێکی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە ئامەدەوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەچوو. شۆفێرەکە بەهۆی بارانبارینەوە کۆنترۆڵی پاسەکەی لەدەستدا و بە بەربەستێکیدا کێشا.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، پاسەکە 16 سەرنشین و 2 کارمەندی تێدابووە و گوتی:" لەئەنجامدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش برینداربوون."
پارێزگاری ئیستەنبووڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو بریندارەکاندا رەوشی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. تەرمی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە بۆ پزیشکی دادی گوێزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش دەستی پێکردووە.
رێگەکە یەکێکە لە شادەمارە خێراکانی گواستنەوە و بەستنەوەی پارێزگاکانی تورکیا بە ئیستەنبووڵ، بەڵام بەهۆی زۆریی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە قورسەکان و پاسەکانەوە لە کاتی کەشوهەوای باراناویدا بە رێگەیەکی مەترسیداری رووداوەکانی هاتووچۆ دادەنرێ.
.jpg&w=3840&q=75)

