رووداو دیجیتاڵ
بیلال ئەردۆغان، سەرۆکی وەقفی رێکخراوە خۆبەخشەکانی تورکیا لە سەردانێکی دا بۆ شاری ئامەدی باکووری کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری دەربڕی و داوای لە هەموو لایەک کرد کە بەشدار بن لە بەهێزکردنی ئاشتی و برایەتی.
رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026 بیلال ئەردۆغان بە یاوەریی شاندێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ئامەدی کرد و دوای نوێژکردن لە مزگەوتی گەورەی شارەکە لەگەڵ هاونیشتمانییان و نوێنەرانی رێکخراوەکان کۆبووەوە.
بیلال ئەردۆغان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهێزکردنی برایەتی و یەکڕیزی بۆ داهاتووی نەوەکان و سەقامگیریی وڵاتەکە زۆر گرنگە و گوتی: "پێویستە هەموو لایەک بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە دەستی هاوکاری درێژبکات و بەردی بناخە بۆ داهاتوویەکی رووناک دابنێ."
لە حەوشەی مزگەوتی گەورەی ئامەد، بیلال ئەردۆغان لەگەڵ نیزامەدین کابایش، باوکی رۆژین کابایش (کە لە ساڵی 2024 لە وان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا) کۆبووەوە و گوێی لە داواکارییەکانی گرت بۆ روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کچەکەی.
وەقفی رێکخراوە خۆبەخشەکانی تورکیا بریتییە لە تۆڕێکی بەربڵاوی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا کە لە بواری کۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا کاردەکەن.
ئەو وەقفە لە ساڵی 1994 دامەزراوە و لە 225 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە .

.jpg&w=3840&q=75)
