رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکی نوێدا لە دوورگەی ئیمراڵییەوە رایدەگەیێنێت، ئامانجی ئەو بەدیهێنانی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراسییە و دەشڵێت: "بەرامبەری ئاشتی بریتییە لە دانانی چەک."
رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە لە (پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆل) پێکهاتبوون، راگەیێندراوێکی فەرمییان لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە قۆناخێکدایە پێویستی بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانە بەبێ دواکەوتن. لە قۆناخی دوای دەرچوونی یاساکەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە هەنگاوی کرداریی دوولایەنە بنرێن و لیژنەکان چالاکانە دەست بەکار بن."
ئۆجەلان لەبارەی ئامانجی خۆی لە پرۆسەکە روونیکردووەتەوە: "ئامانجی من بەدیهێنانی ئاشتی و بەسیاسیکردنە. بەرامبەری ئاشتی دانانی چەکە، بەرامبەری بەسیاسیکردنیش بریتییە لە سیاسەتی دیموکراتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی. لەبەردەم تورکیادا دەرفەتێکی مێژوویی هەیە و باوەڕم وایە هەموو لایەنێک بەم هوشیارییەوە دەجووڵێتەوە."
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوا دەکات مسۆگەرکردنی ئیرادەی ئاشتی بە رێکخستنی یاسایی و سیاسیی بەرجەستە بکرێت و نەهێڵدرێت لە بۆشاییدا بمێنێتەوە.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای کوردستان، ئۆجەلان هۆشداری داوە لەوەی پرۆسەکە لەسەر هاوسەنگییەکی ناسک بەڕێوەدەچێت و رووداوە دەرەکییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەری هەیە، دەشڵێت: "پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای دیالۆگ و دانوستاندن بێت بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی گێرەشێوێنی، رووداوەکانی رۆژئاڤاش دەبێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێن."
دەقی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵی:
بۆ راگەیاندنەکان و رای گشتی، وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە 13ی ئەیلوولی 2026 لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدارێکمان کرد.
لە دیدارەکەدا، ئەو دۆخەی تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت، پەرەپێدانی چارەسەریی دیموکراتی و ئاشتیی هەمیشەیی، ئەو هەنگاوە بەرجەستانەی کە پێویستە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بنرێن و پێشهاتە هەرێمییەکان تاوتوێ کران.
هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کە بۆ رای گشتی بڵاوکراونەتەوە، بەکورتی بەم شێوەیەن:
"پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، لە قۆناخێکدایە کە پێویستی بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانە بەبێ دواکەوتن. لە قۆناخی دوای دەرچوونی یاساکە، گرنگییەکی زۆری هەیە کە لە چوارچێوەی ئەم بەرپرسیارێتییەدا هەنگاوی کرداریی دوو لایەنە بنرێن و لیژنەکان بە شێوەیەکی چالاکانە دەست بە کار بکەن.
ئامانجی من بەدیهێنانی ئاشتی و بەسیاسیکردنە. بەرامبەری ئاشتی دانانی چەکە، بەرامبەری بەسیاسیکردنیش بریتییە لە سیاسەتی دیموکراتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی.
لەبەردەم تورکیادا دەرفەتێکی مێژوویی هەیە. چاوەڕوانم و باوەڕم وایە کە هەمووان و هەموو لایەنێک بەم هوشیارییەوە بجووڵێنەوە بۆ ئەوەی ئەمە بگەیێندرێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرییەکی دیموکراتی.
مسۆگەرکردنی ئیرادەی ئاشتی بە رێکخستنی یاسایی و سیاسیی بەرجەستە و نەهێشتنی لە بۆشاییدا، ئەرکێکە کە دواخستنی هەڵناگرێت. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە هەمان کاتدا ئامانجی ئەوەیە کە هەموو گەلان و باوەڕییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێو ئاشتی، ئازادی و یەکسانیدا پێکەوە بژین. پێشهاتەکانی ناوچەکە بە روونی دەریدەخەن کە پرۆسەکە لەسەر هاوسەنگییەکی ناسک بەڕێوەدەچێت و ئەمانە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە.
لەبەرئەوە، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای دیالۆگ و دانوستاندن بێت بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی گێرەشێوێنی.
رووداوەکانی رۆژئاڤاش دەبێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێن."
وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، جارێکی دیکە دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە تێڕوانینی بەڕێز ئۆجەلان بریتییە لە بەهەمیشەییکردنی ئاشتی، بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراسی و بەدیموکراتیکردنی تورکیا. رێگەی ئاشتی کراوەیە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئیرادە و کرداری سیاسی نمایش بکرێت کە ئەم رێگەیە بەرەوپێش ببات.
لەگەڵ رێزماندا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
14ی ئەیلوولی 2026.
.jpg&w=3840&q=75)

