رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر سعودیە کرد و رایگەیاند، بەئامانجگرتنی ئەو وڵاتە لەلایەن چەکدارانی ناو خاکی عێراقەوە قبووڵکراو نییە؛ هاوکات ئیسرائیلی بە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە تۆمەتبار کرد.
لە کۆتایی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ سووریا و دوای کۆبوونەوەی دوو کاژێری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، فیدان لەگەڵ نوێنەرانی میدیای تورکیا کۆبووەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دروستکردنی "هاوپەیمانیی مەککە" لە قۆناخی کۆتاییدایە و پشتیوانیی تەواوی ئەنقەرەی بۆ ریاز دووپاتکردەوە، جەختیشی کردەوە: "هێرشکردنە سەر سعودیە لە باکوور و باشوورەوە و بەئامانجگرتنی لەلایەن ئەو شەڕانگێزانەی لە عێراق جێگیرن بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
فیدان مانەوەی شاندەکەی لە دیمەشق بە نیشانەی ئاساییبوونەوەی ژیان لە سووریا دانا و ستایشی دەرهێنانی ئەو وڵاتەی کرد لە لیستی سزاکان و تیرۆر، بەڵام هۆشداریی دا لە رۆڵی تەلئەڤیڤ و گوتی: "ئیسرائیل زۆر پێی ناخۆشە دراوسێکانی بەهێز و سەقامگیر بن و ئەمە وەک هەڕەشە بۆ خۆی دەبینێت، بۆیە کاری تێکدەرانە دەکات. نەتەنیاهوو هێزی خۆی لە لاوازیی وڵاتانی دەوروبەری بەرهەمدەهێنێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "ئیسرائیل لە قۆناخێکدا یان دان بەم تێڕوانینەدا دەنێت و قبووڵی دەکات لە ئاشتیدا بژی، یان لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زیاتر گۆشەگیر دەبێت."
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی سووریادا دەرچوونی هەسەدە لە بوونی هەڕەشە و پێکهاتەی دوژمنکارانە لەپێشینەی کارەکانیانە.
فیدان گوتی: "ئێستا ئەو خاڵانەی راگەیێندراون پەیامی ئەرێنین، لە نزیکەوە چاودێری دەکەین پرۆسەکە لە پراکتیکدا چۆن دەڕوات، چاوەڕوانین جێبەجێکردنەکە لەگەڵ پەیامەکاندا تەبا بێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشیکردەوە کە دوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵاتی دیمەشق لە 8ـی کانوونی یەکەمدا، پێشهاتی ستراتیژی هاتوونەتە کایەوە و زۆر لەو کێشانەی کە 40 بۆ 50 ساڵ بوو ببوونە کۆسپ لەبەردەم تورکیادا، لە بنەڕەتدا سەرچاوەکەیان عێراق و سووریا بووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسینا، فیدان گوتی: "نامانەوێت یۆنان ببێتە یاریی دەستی ئەوانەی دەیانەوێت ناوچەکە پەلکێشی ناسەقامگیری بکەن، بەڵکو دەمانەوێت لە پەیوەندییەکی دراوسێیەتیی باشدا بین."


.jpg&w=3840&q=75)
