رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئایاری 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەناوە.
هاکان فیدان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی NTVی تورکیا، باسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی چارەسەری و پرسە گەرمەکانی رۆژەڤی کرد.
فیدان رایگەیاند، بۆ پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێ، گرنگە پەکەکە بەشێوەیەکی کرداری کۆتایی بە پێکهاتە چەکدارییەکەی بێنێت و گوتی: "ئێستا هەندێک راگەیێندراو و ویست هەن، بەڵام گرنگە هەڕەشەکە بەشێوەیەکی کرداری خۆی لەنێو ببات و لە هەڕەشەبوون دەربچێت."
"هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەنراوە"
لەبارەی ئەو قۆناخەی دوای بڕیاری پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی خۆی هاتووەتە ئاراوە، پرسیار لە هاکان فیدان کرا و ئەویش ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگەیێندراوەکەی مانگی ئایاری 2025ـدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشهاتێکی کۆنکرێتی لەبارەی دانانی چەکەوە رووینەداوە.
هاکان فیدان گوتی: "دەمانەوێ هەموو شتێک خێراتر بێت. بۆ نموونە، رێکخراوەکە (پەکەکە) لە مانگی ئایاری 2025 رایگەیاند کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت. ئێستا گەیشتووینەتە ئەیلوولی 2026، واتە زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە. تاوەکو ئێستا هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەنراوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە قۆناخی داهاتوودا پێویستە هەندێک میکانیزم بخرێنە گەڕ و گوتی، کات گرنگە، بەڵام دەبێت پرۆسەکە بە وریاییەوە بەڕێوەبچێت.
هاکان فیدان گوتی: "دەکرێ پرۆسەکە خێراتر بێت، بەڵام وەک گوتم، پێویستە وریابین. ئێستا هەندێک راگەیێندراو و ویست هەن، بەڵام گرنگە هەڕەشەکە بەشێوەیەکی کرداری خۆی لەنێو ببات و لە هەڕەشەبوون دەربچێت. پێویستە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە بکەین."
"رێگەی چارەسەر سیاسەتە، نەوەک تووندوتیژی"
هاکان فیدان رایگەیاند، پرۆسەکە تەنیا بە دانانی چەک سنووردار نییە و پێویستە ئەو کێشانەی ساڵانێکی زۆرە لە تورکیا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ، لەسەر بنەمای سیاسی چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە سەردەمی ئاکپارتیدا چاکسازیی سیاسی کراوە و سەرنجی خستە سەر پرسی ناسنامە.
هاکان فیدان بەبێ ئەوەی ناوی کورد بێنێت، گوتی: "گەورەترین شۆڕشی سیاسی، لابردنی نکۆڵیکردن بوو لە ناسنامە. مرۆڤ نەوەک لەبەر ئەوەی کورد، عەلەوی، سوننە یان عەرەبە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاووڵاتییەکی کۆماری تورکیایە، تاکێکی بەڕێزی ئەم خاکەیە و لە ژێر پارێزگاریی دەستووریدایە. ئێمە ئەمەمان مسۆگەر کرد."
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا بوار بۆ باشتربوون هەیە، بەڵام رێگەکەی خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو سیاسەتە و گوتی: "رێگەی ئەمە سیاسەتە، نەوەک تووندوتیژی" و روونیکردەوە، کە لە رابردوودا هەنگاوی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە نراون.
"پێشهاتەکانی ناوچەکە ئەمەیان مسۆگەر کرد"
هاکان فیدان گوتی، پێشهاتەکانی سووریا و عێراقیش هەلومەرجێکی نوێیان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە لە تورکیا دروستکرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "سەرکردەی رێکخراوەکەش ساڵانێک لەمەوبەر ئەمەی گوتبوو، واتە هۆکاری سیاسییەکەی نەماوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناخی داهاتوو کۆتاییهێنانە بە پێکدادانەکان بەشێوەیەکی کرداری.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە پێشهاتەکانی سووریا و عێراق بواری جووڵەی گرووپە چەکدارەکانی تەسک کردووەتەوە و گوتی: "پێویستە بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێین بۆ راگرتنی ئەم پێکدادانانە."
پەیامی پرۆسەکە لە ئامەد
هاکان فیدان ئاماژەی بە سەردانەکەی رۆژی 11ی ئەیلوولی خۆی بۆ ئامەدی باکووری کوردستان کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە شارەکە لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەتەوە و گوێی لە بۆچوونی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەبارەی پرۆسەکەوە گرتووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆچوونی خۆی لەمبارەیەوە خستەڕوو و گوتی، پرۆسەکە لە ئامەد "بە شێوەیەکی زۆر باش دەنگدانەوەی ئەرێنی" هەبووە و رایگەیاند: "جەماوەر بۆ ئەمە ئامادەیە."
هاکان فیدان گوتیشی، لە کۆبوونەوەکاندا خەڵکی سەر بە توێژە سیاسی، بازرگانی، ئایینی و کولتوورییە جیاوازەکان بۆچوونەکانیان خستەڕوو و بەتایبەتی رەزامەندیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕی کە بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ناسنامەی کوردی نراون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە گرنگییەوە باسی لەوە کرد کە لە ئامەد چیدیکە باس لە کێشەی ئاسایش و پێکدادان ناکرێ، بەڵکو بابەتەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، پیشەسازی و هێڵەکانی گواستنەوە هاتوونەتە رۆژەڤەوە و گوتی: "خوشک و براکانم پرسیار دەکەن کە بۆ پیشەسازیی دیاربەکر چی دەکەن؟ ئێمە توانایەکی پیشەسازیمان هەیە. چۆن دەتوانین زیاتر ببینە پیشەسازی؟"
"پرۆسەکە کاریگەری لەسەر کوردی ناوچەکەش دەبێت"
هاکان فیدان رایگەیاند، پرۆسەکە نەوەک تەنیا بۆ ئەو کوردانەی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین، بەڵکو بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستان و سووریا و عێراقیش گرنگە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "پێم وایە پێشخستنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، ئەو ویست و هەڵوێستەی کە هاوپەیمانیی جمهوور، بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز باخچەلی خستوویانەتەڕوو، بۆ ئەمە زۆر گرنگە. پێم وایە وەڵامی لایەنی بەرامبەریش بۆ ئەمە بەنرخە. هیوادارم ئەمە نەوەک تەنیا بۆ داهاتووی تورکیا، بەڵکو بۆ داهاتووی ناوچەکە و ئارامی و ئاشتیی هەرێمی بۆ برا کوردەکانمان لە دەرەوەی سنوورەکانمان، بۆ کوردانی سووریا و عێراقیش گرنگ بێت. ئەو سەقامگیرییەی تورکیا دروستی دەکات، تەنیا خۆی بەهێز ناکات، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەش بەهێز دەکات. من لەوێش ئەمەم گوت. نەوەک تەنیا برا کوردەکانمان لە تورکیا، بەڵکو کوردانی دەرەوەی سنووریش پشکیان لەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانییە بەردەکەوێ کە تورکیا دروستی دەکات."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد کە هەردوو حکومەتی عێراق و سووریا دژی بوونی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانن لە وڵاتەکانیاندا و رایگەیاند: "ئیدی نە لە سووریا و نە لە عێراق، هیچ کەشێکی سیاسی، داگیرکاری و تێگەیشتنێک نەماوە کە رێگە بە مانەوەی هیچ توخمێکی چەکدار بدات جگە لە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە."



