رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی نوێ، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە گوایە "هەوڵدەدات ناکۆکی لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش دروست بکات" و رایگەیاند، کێشەی من هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردنی تورکیایە."
ئۆزگور ئۆزەل، ئۆزەل لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە "هەوڵدان بۆ رووبەرووکردنەوەی دەمیرتاش و ئۆجەلان" لە چاوەپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی لێدوانە مشتومڕاوییەکانییەوە دا و جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو، جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردنە، نەوەکو تەنیا قسەکردن لەسەر دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ئۆزەل لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هەوڵدەدات ئۆجەلان و دەمیرتاش بکاتە رکابەری یەکدی یان ناکۆکییان لەنێواندا دروست بکات، گوتی: "نیازی من ئەوە نییە هیچ کەسێک بکەمە رکابەری یەکدی. لایەنەکانی ئەو پرسە دیارن. لەنێوانیان ناکۆکی یان شەر هەیە یان نا، ئەوە جێی بایەخی من نییە. کێشەی من هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردنە."
سەرۆکی پارتی نوێ ئاماژەی بە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان کرد و گوتی، وازهێنانی رێکخراوێک لە چەک (مادەی شەشەم)ی راپۆرتەکەیە، بەڵام (مادەی حەوتەم) کە بە دیموکراسیکردنە، زۆر گرنگترە و "سەرکەوتنی راستەقینەی تورکیا و کورد و هەموو گەلانی تورکیا لەوەدایە."
ئۆزەل هۆشداریی دا لەوەی تەنیا سەرنج خستنە سەر دۆخی ئۆجەلان، پشتیوانیی گەل بۆ پرۆسەکە کەم دەکاتەوە و گوتی: "چڕبوونەوە لەسەر مادەی شەشەم و لەوەش زیاتر، قسەکردن لەسەر پێگە، ئاسوودەیی و پەیوەندییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەڕای من مەترسیدارە، چونکە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە و دژایەتیی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. لە کاتێکدا سەرکەوتنی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە، بەپێی ئەو پشتیوانییەی لە کۆمەڵگەوە وەریدەگرێت، دەپێورێت."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەبری ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەکە ماڵ بگۆڕێت و بگاتە ماڵێکی نوێ، من پێم باشترە دەمیرتاش و هەموو زیندانییە سیاسییەکان، بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
ئۆزەل جەختی کردەوە داواکارییەکەی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستووریی تورکیا و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە.
ئەو روونکردنەوەیەی ئۆزەل دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوو دروستکردنی ماڵێک بۆ ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی ببووە رۆژەڤی تورکیا و ئۆزەلیش لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو کە هێندەی سەرقاڵی ماڵی تازە بن بۆ ئۆجەلان، وا باشتر سەرقاڵی گەرانەوەی دەمیرتاش بن بۆ نێو بنەماڵەکەی. بەشێک لە میدیای تورکیاش ئەم لێدوانیەی سەرۆکی پارتی نوێیان بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش وەسفکرد.



