رووداو دیجیتاڵ
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 04:02 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلولی 2026 بوومەلەرزەیەک لە سنووری شارۆچکەی سایمبەیلی بە گوڕی 5 پلەی رێختەر روویدا.
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. بوومەلەرزەکە لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی تورکیا هەستی پێکراوە.
پارێزگای ئەدەنە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کاژێر 04:02 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.0 پلە روویدا کە چەقەکەی شارۆچکەی سایمبەیلی بوو. تاوەکو ئێستا هیچ دۆخێکی نەرێنی نییە و هیچ پەیوەندییەک بە ناوەندی پەیوەندیی فریاگوزاریی 112 نەکراوە.
تیمەکانمان لە ئافاد و تیمە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین لە شوێنەکە و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین. هیوای سەلامەتی بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەمان دەخوازین کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە."
کاریگەرترین بوومەلەرزە لە پارێزگای ئادانا لە 27ـی حوزەیرانی 1998 لە شارۆچکەی جەیهان روویدا کە گوڕی 6.3 پلە بوو و لە ئەنجامدا 145 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر باڵەخانە زیانیان بەرکەوت.

