رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای (گۆکچەئادا)ی پارێزگای چاناککاڵە-ی تورکیا، 14کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە دەستگیرکران و سێ کەسیش بە تۆمەتی قاچاخی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، کە ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە "دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت کۆمەڵێک کۆچبەری نایاسایی لە بەلەمێکی چووپدا لە کەناراوەکانی گۆکچەئادا هەن، بەلەمێکی پاسەوانی کەناراوەکان رەوانەی ناوچەکە کرا."
تیمەکان بەلەمە چووپەکەیان راگرت و 14 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکرد کە دوویان منداڵ بوون.
هەر لە کەناراوەکانی سەفەریهیار، لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پاسەوانی کەناراوەکانەوە، کۆمەڵێک کۆچبەری نایاسایی دیکە لە بەلەمێکی چووپدا لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئیجە دەستنیشان کران. تیمەکان چوونە شوێنەکە و 14 کۆچبەری نایاسایی دیکەیان دەستگیرکرد.
دوای رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی پارێزگاکە کران و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوەکانیش لەلایەن جەندرمەوە بەردەوامە.
رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بەلەمێکی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی قەزای کارابورون لە دەریای ئیجە-ی پارێزگای ئیزمیر، ژێرئاوکەوت. بەهۆیەوە دوو کۆچبەر خنکان و 17 کۆچبەریش رزگار کران.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی پاسەوانیی کەناراوەکانی تورکیا، پار، تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگاربکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن. هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیرکراون.


