رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە دژی محەممەد فاتیح تانچاڵان، ناسراو بە (حەیدەرە رەشی وان) دەستیپێکرد. لە دوو ئۆتۆمبێلدا، نزیکەی 16.5 ملیۆن یۆرۆ و 700 هەزار دۆلار دەستی بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە دژی حەیدەرە رەشی وان دەستیپێکرد کە بەهۆی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ چائلا ئۆز، فینۆمێنی سۆشیاڵ میدیا، بووە رۆژەڤ.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە بەڕێوەدەچێت، لە گەڕەکی ماسلاکی ئیستەنبووڵ ئۆپەراسیۆن کرایە سەر پارکێکی ئۆتۆمبێل.
هێزە ئەمنییەکان لە دوو ئۆتۆمبێلدا دەستیان بەسەر 16 ملیۆن و 440 هەزار یۆرۆ و 700 هەزار دۆلار گرت.
پارەکان بەم شێوەیە بوون:
10 ملیۆن یۆرۆ (پارەی 500 یۆرۆیی)
5 ملیۆن و 860 هەزار یۆرۆ (پارەی 200 یۆرۆیی)
320 هەزار یۆرۆ (پارەی 100 یۆرۆیی)
260 هەزار یۆرۆ (پارەی 50 یۆرۆیی)
700 هەزار دۆلار (پارەی 100 دۆلاری)
پارەکان لەنێو جانتادا بوون. هێزە ئەمنییەکان لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پارەکەیان تێدا دۆزراوەتەوە، گومانلێکراوێکیان دەستبەسەر کرد و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا گیرا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە پارکەکەدا تۆمار کراوە، دەردەکەوێت کە پارەکان لەنێو جانتادا هەڵگیراون. سەرچاوەی ئەو ملیۆنان یۆرۆ و دۆلار و لیرە و خشڵ و زێڕانە پەیوەندیی بە سپیکردنەوەی پارەوە دەپشکندرێت.
دوو هەفتە بەر لە ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەمانە دۆزرایەوە:
66 تاک بازنی زێڕ
زنجیرێکی 2 مەتری زێڕ
زنجیرێکی 1.5 مەتری زێڕ
91 هەزار لیرە (1880 دۆلار)
4300 یۆرۆ
89 هەزار درهەمی ئیماراتی
ئایفۆنێکی بە زێڕ رووپۆشکراو
دوو خشڵی زێڕ
حەیدەرە رەش، پێشتریش چەندین دۆسیەی دیکەی لە دادگە هەبووە. ئێستا بە تۆمەتی شاردنەوەی ئەو پارانەی کە بە رێگەی نایاسایی دەستی کەوتوون، دەستگیر کراوە. هۆبەکانی قاچاخ و سپیکردنەوەی پارە و تاوانی رێکخراو سەر بە ئاسایشی وان، لەژێر چاودێری دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (ماساک) لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵ دەکەن و دواتر دۆسیەکانیان یەکدەخەن. پێشکێشی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دەکەن.


