رووداو دیجیتاڵ
تورکیا رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵیی دارایی بووەتەوە کە بە "لێکۆڵینەوەی فەند" ناسراوە. دۆسیەکە وڵاتەکەی هەژاندووە و تێیدا ژمارەیەکی زۆر بازرگان، بەڕێوەبەری کۆمپانیا و سیاسەتڤان، لەنێویاندا جێگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندی و جێگرێکی سەرۆکی ئاکپارتی، تێوەگلاون.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 کەس دەستگیرکراون، دەست بەسەر دەیان ملیۆن دۆلاردا گیراوە و دۆسیەکە بووەتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی نێو پارتی دەسەڵاتدار.
فەند چییە؟
فەندی وەبەرهێنان، ئامرازێکی وەبەرهێنانە تێیدا پارەی کۆکراوە لە ژمارەیەکی زۆر وەبەرهێنەر، بە شێوەیەکی پیشەییانە بەڕێوەدەبرێت و لە پشکی کۆمپانیاکان، گرێبەست، کانزا بەنرخەکان و ئامرازە جیاوازەکانی بازاڕی سەرمایە وەبەرهێنانی پێدەکرێت. بەپێی پێناسەی دەستەی بازاڕی سەرمایە (SPK)، وەبەرهێنەر بە کڕینی پشکی بەشداریکردن، دەبێتە هاوبەش لە بەشێک لە فەندەکە.
بۆ نموونەیەکی سادە؛ وەبەرهێنەر لەبری ئەوەی پارەکەی لە پشک، بۆند یان ئامرازەکانی دیکەی وەبەرهێنان بە شێوەی تاک بخاتەگەڕ، دەتوانێت پشکی بەشداریکردن لە فەندێکی وەبەرهێنان بکڕێت. پۆرتفۆلیۆی فەندەکەش بەپێی ستراتیژیی دیاریکراوی وەبەرهێنان لەلایەن بەڕێوەبەری پیشەیی و کەسانی شارزاوە بەڕێوەدەبرێت.
چیرۆکی لێکۆڵینەوەی فەند چییە؟
دۆسیەکە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە بەڕێوەدەبرێت و لێکۆڵینەوە لە ساختەکاری و دەستکاریکردنی بەرفراوانی بازاڕی سەرمایە (بۆرسە)دەکرێت. رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2026، دۆسیەکە بە مایەپووچ بوونی سەدان وەبەرهێنەری بچووک و مامناوەند لە بۆرسای ئیستەنبووڵ سەریهەڵدا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ژمارەیەک کۆمپانیا و فەندی وەبەرهێنان، لە رێگەی مامەڵەی گوماناوییەوە بە شێوەیەکی نایاسایی نرخی پشکی هەندێک کۆمپانیایان بەرزکردووەتەوە و بەمەش قازانجێکی خەیاڵییان بەدەستهێناوە.
فەندی وەبەرهێنان بریتییە لە کۆکردنەوەی پارەی ژمارەیەکی زۆر وەبەرهێنەر و بەگەڕخستنی لە بازاڕی بۆرسەدا لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە. گومان دەکرێت بەڕێوەبەرانی هەندێک لەم فەندانە، پارەی وەبەرهێنەرانیان بۆ دەستکاریکردنی بازاڕ و بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی بۆ خۆیان و کەسانی نزیک لە خۆیان بەکارهێنابێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا و فەندەکان، جووڵەی وەبەرهێنەران، مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن و داتا داراییەکان خراونەتە ژێر وردبینییەوە.
داواکاری گشتی، بۆ دەرخستنی جووڵەی پارە و وەبەرهێنەران لە فەندەکانی نێو چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە، داوای تۆماری وردی لە دەزگای ناوەندیی تۆمارکردن (MKK) کردووە.
قەبارەی دۆسیەکە و گرنگترین کەسە تێوەگلاوەکان
لێکۆڵینەوەکان حەوت کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی گرتووەتەوە، لەنێویاندا کۆمپانیاکانی وەک (تێرا پۆرتفۆی) و (پوسولا پۆرتفۆی). دەیان کەسایەتیی دیار دەستگیرکراون، لەوانە:
•ئەرکان کیلیمجی، جێگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا
•ئێمرە تەزمەن، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•ئێمرە ئاڵکین، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•کەرەم ئاڵکین، ئەندامی دەستەی تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•ئەمیر مونیر سارپەینەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•بولەنت ئویگون، ئەندامی دەستەی تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•عەبدولقادر ئۆزکان، ئەندامی دەستەی تێرا یاتیریم هۆڵدینگ
•محەممەد یاریز، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی پوسولا پۆرتفۆی
•سەردار تورهان، جێگری سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی پوسولا پۆرتفۆی
•نامق کەمال گۆکاڵپ، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پوسولا پۆرتفۆی
•ئاڵتونچ کومۆڤا، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پوسولا پۆرتفۆی
•نیهاد کرمزی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی دۆغا سیگۆرتا
•ئیبراهیم بەکچی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دۆغا سیگۆرتا
•ئەردین ئۆزەل، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی تێرا پۆرتفۆی
•ئاڵپەر ئۆزتورک، بەڕێوەبەری گشتیی تێرا پۆرتفۆی
•ئۆزدەمیر ئاتاسێڤە، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای ئۆزئاتا دەنیزجیلیک
هەریەک لە فورکان باکی، مورات کەچەجی، رەمەزان ئەربەی، ئیلهان ئایگول، ساڵح جان بولبول، سەلچوک کاهیا، ئوگور ئاککافا، سەمەد چەتینەل، جەلال یارز، ئیسماعیل ئەگە، محەممەد یڵدرم، لوتفی چەتینەل، بەرکان گولەن و محەممەد ئەربەی کە وەبەرهێنەری گەورە و ناسراوی ئەم پرۆسەیەن، لە لێکۆڵینەوەکاندا ناویان هاتووە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و لەژێر کۆنترۆڵی دادوەری، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.
دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەیاڵی
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەست بەسەر سەروەت و سامانی گومانلێکراواندا گیراوە. وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، سەروەت و سامانی 46 دامەزراوە و 42 کەس سڕ کراوە. دیارترینی ئەو سامانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە:
• دوو فڕۆکەی تایبەت و یەختێکی گرانبەهای خاوەنی کۆمپانیای پوسولا کە بەهایان نزیکەی 55 ملیۆن دۆلار بووە.
• پێنج ئۆتۆمبێلی زۆر گرانبەها لە جۆرەکانی (ماکلارین، بێنتلی، رۆڵز-رۆیس، مایباخ و ئاودی) کە بەهایان زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلارە.
تۆماری فەندەکانی پەیوەست بە 7 کۆمپانیاوە وردبینییان بۆ دەکرێت
بەپێی نووسراوێکی رۆژی 22ی ئەیلوول، داواکاری گشتی داوای تۆماری وردی وەبەرهێنەر و مامەڵەکانی پەیوەست بە فەندەکانی نێو چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەی لە MKK کردووە.
داواکارییەکە تۆماری فەندەکانی پەیوەست بە کۆمپانیاکانی پوسولا فینانس، تێرا یاتیریم، هەدەف پۆرتفۆی، بوڵس یاتیریم، A1 کاپیتاڵ، ئەتڵەس یاتیریم و پاردوس یاتیریم دەگرێتەوە.
داواکاری گشتی بەتایبەتی داوای ناردنی داتاکانی کڕین و فرۆشتنی کردووە لەسەر بنەمای وەبەرهێنەران، لە سەرەتای دامەزراندنی فەندەکانەوە تاوەکو رۆژی هەڵوەشاندنەوەیان.
هەروەها داواکراوە وردبینی بۆ زانیارییەکانی ژمارە، بڕ و باڵانسی ئەو وەبەرهێنەرانە بکرێت کە لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی 2026 لە فەندەکان کشاونەتەوە.
بڕیاری SPK لەبارەی 7 کۆمپانیای پۆرتفۆوە
دەستەی بازاڕی سەرمایەش لە 17ی ئەیلوولدا، بەمەبەستی پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی وەبەرهێنەران، چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد. بڕیاردرا بە راگرتنی مامەڵەکردن بە پشکەکانی بەشداریکردنی ئەو فەندانەی کە لەلایەن 7 کۆمپانیای بەڕێوەبردنی پۆرتفۆوەوە دامەزراون وەک (تێرا پۆرتفۆی، پوسولا پۆرتفۆی، هەدەف پۆرتفۆی، ئەتڵەس پۆرتفۆی، A1 پۆرتفۆی، پاردوس پۆرتفۆی و بوڵس پۆرتفۆی و لە TEFAS مامەڵەیان پێوەدەکرێت. هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەندێک فەندیش درا.
ئێستا لێکۆڵینەوە لە چی دەکرێت؟
بەهۆی ئەو زانیارییانەی داواکاری گشتی لە MKK داوای کردوون، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی لێکۆڵینەوەکە بریتییە لە جووڵەی پارە و وەبەرهێنەران بۆ نێو فەندەکان و کشانەوە لێیان. بەتایبەتی داواکراوە وردبینیی ورد بۆ بڕی کشانەوەکان لە فەندەکان لە سێ مانگی رابردوودا، جووڵەکان لەسەر بنەمای وەبەرهێنەر و باڵانسەکان بکرێت.
بۆیە لە قۆناخی داهاتوودا، وردبینیکردن لەو تۆمارانەی لە MKKـەوە دێن و بەردەوامیی رێکارە دادوەرییەکان، بۆ رەوتی لێکۆڵینەوەکە گرنگ دەبن.
ژمارەی بەندکراوان بۆ 51 کەس بەرزبووەوە
لێکۆڵینەوەکە فراوانتر کراوە و چوار گومانلێکراوی دیکە کە رەوانەی دادگە کرابوون، بەندکران. بەمەش ژمارەی بەندکراوان بۆ 51 کەس بەرزبووەوە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، زانیاریی نوێی لەبارەی لێکۆڵینەوەی فەند بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی تاوانەکانی سپیکردنەوەی داهاتی بەدەستهاتوو و پێشێلکردنی یاسای بازاڕی سەرمایە بەڕێوەدەچێت.
گورلەک رایگەیاند، وردبینی بۆ کشانەوەی پارەکان لە فەندەکان لەنێوان 1ی تەممووز و 16ی ئەیلوولدا کراوە و سەروەت و سامانی 46 دامەزراوەی یاسایی، 18 فەند و 42 کەسی راستەقینە سڕکراوە.
گورلەک لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "رێکاری کۆنترۆڵی دادوەری بە شێوەی قەدەخەی چوونەدەرەوە لە وڵات بۆ 51 گومانلێکراو گیراوەتەبەر. بۆ رێگریکردن لە گواستنەوە، فرۆشتن، بەخشین، دانانی بارمتە، داخستنی هەژمار، راکێشانی بڕی زۆری نەختینە، حەوالە و مامەڵەکانی دیکەی کەمکردنەوەی سەروەت و سامان، سڕکردنی ئامرازەکانی بازاڕی سەرمایە و ئاگادارکردنەوەی دەستبەجێی دەسەڵاتە دادوەرییەکان لە مامەڵە گوماناوییەکان، نووسراو بۆ هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە."
تێوەگلانی سیاسەتڤانێکی باڵا و دەستلەکارکێشانەوەی
دۆسیەکە رەهەندێکی سیاسیی گەورەی وەرگرت کاتێک رۆژی 26ـی ئەیلوولی 2026، زەینەل ئێمرە، گوتەبێژی (پارتی نوێ) یەنی پارتی ئاشکرایکرد کە فاتمە بەتول سایان کایا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و وەزیری پێشووی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئیلیاس کایا-ی هاوژینەکەی، لەم ساختەکارییەدا بەشداربوون.
زەینەل ئێمرە، راشیگەیاند، فاتمە بەتول سایان کایا و ئیلیاس کایا-ی هاوژینی، مامەڵەکەیان لە 8ی نیسانەوە بە بەهای 1.3 ملیۆن دۆلار دەستپێکردووە بە کڕینی 250 هەزار پشک لە کۆمپانیای ئۆزئاتا دەنیزجیلیک و لە 16ـی ئەیلوول بە شێوەیەکی گوماناوی پشکەکانیان فڕۆشتووە. هەمان ئەو رۆژەی پشکەکان بەشێوەیەکی زۆر خێر بەرز بوونەوە.
بەمەش لەم پێنج مانگەدا بە 9 هێندەی قازانج فرۆشتوویانە. لە ماوەی تەنیا پێنج مانگدا، 1.3 ملیۆن دۆلارەکەی گەیاندووەتە زیاتر لە 27.5 ملیۆن دۆلار.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، فاتمە بەتول سایان کایا لە راگەیێندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە هەموو پۆستەکانی لەنێو ئاکپارتیدا راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ "سەلامەتیی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و روونکردنەوەی راستییەکان" گەڕاندەوە.
سیاسەتڤانی دیکەی باڵاش تێوەگلاون
گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی (پارتی نوێ) لە پۆستێکی ئێکس نووسیویەتی: "هەریەک لە بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و شادی یازیجی، ئەندامی سەرکردایەتیی ئاکپارتی پشکیان لە کۆمپانیای ئۆزئاتا دەنیزجیلیک هەیە."
هاوکات، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی (پارتی نوێ) لە نوێترین پەیامیدا قسەکانی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کرد. رایگەیاند، چاوەڕێین بڕیارێک بدەن بۆ لێسەندنەوەی هەموو سامانی فاتمە بەتول سایان کایا و هاوژینەکەی."
ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، "بە ئاشکرا پێمان گوتن، وەزیرانی پێشوو و بەشێک لە وەزیرانی ئێستا، پەرلەمانتارانی پێشوو و زۆربەی پەرلەمانتارانی ئێستای ئاکپارتی، بەرپرسە حیزبییەکانی پێشوو و ئێستاشتان لە بۆرسەدا پشکیان هەیە و مامەڵە دەکەن و دەنگدەرانتان هان دەدەن بۆ مامەڵەکردن، بەڵام گوێیان پێنەدا. ئێستاش زیاتر لە 450 هەزار کەس زیانیان کرد، کەچی ئەم ناوانە نەک زەرەر، بگرە زۆر قازانجیان کرد."
هۆشداریدا بەوەی بەرپرسانی دیکەی ئاکپارتی و حکومەت ئاشکرا بکەن ئەگینا یەک بە یەک ناوەکانیان بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکات. پرۆسەکەش بە (دزیی سەدە لەژێر دەسەڵاتی ئاکپارتی) وەسف کرد.
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی فەند هێشتا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەبارەی قەبارەی گەندەڵییەکە و کەسانی دیکەی تێوەگلاو ئاشکرا بکرێت.


