رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، لە رێگەی ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، سڵاوی خۆی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش نارد.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 1-10-2026 لە کاتی پێشوازییەکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان، نوعمان کورتوڵموشەوە رێکخرابوو، پەرلەمانتاران و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان پیرۆزبایی خولی نوێی یاسادانانیان لەیەکدی کرد.
شاندێکی دەم پارتی بۆ سڵاوکردن چوونە لای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە. باخچەلی پرسیاری لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد و گوتی: دەچنە لای سەڵاحەدین (دەمیرتاش) یان نا؟
لە وەڵامدا، پەروین بوڵدان گوتی: ئێمە دوایینجار 13ی ئەیلوول چووبووین، دوای ئەوەی مانگێکمان تەواو بوو، دووبارە دەچینەوە.
دوای ئەم وەڵامە، باخچەلی بە پێکەنینەوە گوتی: "سڵاوی منیشی پێبگەیێنن، باشە؟"
ئەم گفتۆگەیەی نێوان دەوڵەت باخچەلی و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە میدیا و بازنە سیاسییەکانی تورکیادا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
