رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە رێگەی ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)یەوە سڵاوێکی نارد. میدیا و سیاسەتڤانانی تورکیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. بەشێکیان دەڵێن، باخچەلی سڵاوی بۆ ئۆجەلان ناردووە و بەشێکی دیکەش پێیان وایە سڵاوەکە بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای کۆتاییهاتنی یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانان لە 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، لە هۆڵی پێشوازیی ناو باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیادا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێکهاتبوون، چوونە لای دەوڵەت باخچەلی و سڵاویان لێکرد.
گفتوگۆیەکی سەرپێیی و کورت لەنێوان شاندی دەم پارتی و سەرۆکی مەهەپە کرا. باخچەلی پرسیاری لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد و گوتی: "سەردانتان هەیە؟ (بۆ ئیمراڵی) دێن و دەچن؟"
لە وەڵامدا، پەروین بوڵدان گوتی: "دوایینجار لە 13ی ئەیلوول چووین (بۆ ئیمراڵی). هێشتا مانگێک تێنەپەڕیوە. پێدەچێت دوای ئەوەی مانگەکە تەواو بوو، بڕۆینەوە."
دوای ئەم وەڵامە، باخچەلی بە پێکەنینەوە گوتی: "سڵاوی منیشی پێبگەیێنن، باشە؟"
ئەم گفتۆگەیەی نێوان دەوڵەت باخچەلی و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە میدیا و بازنە سیاسییەکانی تورکیادا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
بەهۆی ئەوەی لە هۆڵی پێشوازیدا ژاوەژاو و دەنگی زۆر هەبوو، میدیا و بازنەی سیاسیی تورکیا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. بەشێکیان پێیان وایە، دەوڵەت باخچەلی سڵاوی بۆ ئۆجەلان ناردووە. بەشێکیان پێیان وایە نەخێر، سڵاوەکەی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش بووە.
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر، یەکێک لە سیاسەتڤانە نەتەوەپەرستەکان، لە هەژماری تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "کەمێک پێش ئێستا ئەو پەیامنێرەی گفتوگۆکەی باخچەلی و شاندی ئیمراڵیی بڵاوکردەوە، پۆستەکەی چاککرد و دەڵێت، من هەڵە بووم، باخچەلی سڵاوی بۆ دەمیرتاش ناردووە، نەوەک ئۆجەلان. بەڕای ئێمە، هیچ جیاوازییەکی نییە سڵاوی گەیاندبێتە ئۆجەلان یان دەمیرتاش، چونکە یەکێکیان بکوژی دەیان هەزار سەرباز و پۆلیس و خەڵکی سڤیلە. ئەوی دیکەشیان گوتبووی پەیکەری ئۆجەلانی بکوژ دروست دەکەین."
گفتوگۆی پەروین بوڵدان و دەوڵەت باخچەلی:
پەروین بوڵدان: ئێمە دەردەچین، گوتمان سڵاوێکتان لێ دەکەین و ئینجا دەڕۆین.
دەوڵەت باخچەلی: دەچنە لای یان نا؟
پەروین بوڵدان: ئێمە دوایینجار 13ی ئەیلوول چووین، دوای ئەوەی مانگێک تەواو بوو، ئیدی دەچینەوە.
دەوڵەت باخچەلی: سڵاوی منیشی پێ بگەیەنن، باشە؟!
.jpg&w=3840&q=75)

