رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە. تێیدا باسیان لە رێکخستنە یاساییەکان و پێکهێنانی "دەستەی چاودێری" تایبەر بە پرۆسەی چارەسەریی کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی، ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندی ئیمراڵیی پارتەکە بە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش کۆبوونەتەوە. بیروڕا و پێشنیازەکانی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەریی پێشکێش کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، راوێژ کرا سەبارەت بەو رێکخستنە یاساییانەی کە بڕیارە لە خولی نوێی یاساداناندا بکرێن دوای یاسای چوارچێوە، هەروەها سەبارەت بە دەستەی چاودێری کە دادەمەزرێت."
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵییە کە ئەمڕۆ بیکات. کۆبوونەوەی یەکەمیان لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بوو.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، هاوکات سەرۆکی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە کە بەرپرسیارە لە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکان و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە. هەر ئەم دەستەیە راپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی دەکات بۆ ئەوەی یاسای چارەسەریی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 13ی ئەیلوول، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل، لە دوورگەی ئیمراڵی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوت.
دوای کۆبوونەوەکە، پەیامەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە "پرۆسەی چارەسەری، چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیی هەمیشەیی" بڵاوکرانەوە. ئۆجەلان جەختی لە "گرنگیی هەنگاوی کرداریی دوولایەنە و دەستبەکاربوونی کارای دەستەکان" کردبووەوە و رایگەیاندبوو، "رێکخستنی یاسایی و سیاسی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستن."
لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، رۆژی 1ی تشرینی یەکەم، لە رێوڕەسمی دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەماندا، قسەی لەگەڵ پەروین بوڵدان و میتحات سانجار کردبوو.
دوای ئەوەی پەروین بوڵدان پێی گوتبوو کە دوایین جار لە 13ی ئەیلوولدا چوونەتە ئیمراڵی، باخچەلی گوتبووی، " سڵاوی منی پێ بگەیێنن، باشە؟"
پەروین بوڵدان، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاندبوو، سڵاوەکەی باخچەلی راستەوخۆ بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بووە.


