رووداو دیجیتاڵ
تورکیا و فەرەنسا، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لە بواری بەرگری و سەربازیدا، "نەخشەڕێگەی هاریکاریی بەرگری"یان واژۆ کرد. هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی دیالۆگی ستراتیژی و گرتنەبەری هەنگاوی بەرجەستەی هاریکاری.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هاریکاریی سەربازیی نێوان تورکیا و فەرەنسادا، چەندین دیداری باڵا ئەنجامدراون.
لەم چوارچێوەیەدا، گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ ئەلیس روفۆ، وەزیری کاروباری هێزە چەکدارەکان و سەربازە دێرینەکان، فەریقی یەکەم ڤینسێنت ژیرۆ، سەرۆکی نووسینگەی تایبەتی سەربازیی سەرۆککۆماری فەرەنسا و گیۆم ئۆلانیێ، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژیدا کراوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، دۆخی ئێستای پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بواری بەرگری و سەربازی و پرۆسەکانی دیالۆگی ستراتیژی تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی رێکخراو و ئەنجامدار کردەوە و دەرفەتەکانی پەرەپێدانی هاریکارییان لە پیشەسازیی بەرگری و بوارە سەربازییەکاندا تاوتوێ کرد.
گرنگترین دەرەنجامی دیدارەکان، واژۆکردنی "نەخشەڕێگەی هاریکاریی بەرگری" بوو. ئامانج لەم هەنگاوە، گەیاندنی هاریکاریی بەرگریی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر و دانانی دیالۆگی ستراتیژی لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا.
ئەم واژۆکردنە دەریخست کە پەیامە ئەرێنییەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردەکانی تورکیا و فەرەنسا، بوونەتە هاریکارییەکی بەرجەستە لە بواری بەرگریدا. لە رێگەی ئەم نەخشەڕێگایەوە، ئامانج ئەوەیە هاریکاریی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش قووڵتر بکرێتەوە و میکانیزمێکی دیالۆگی نزیکتر لەبارەی پرسە ئەمنییە هەرێمییەکانەوە کارا بکرێت.


