رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە، کە زیاتر گرنگی بە دۆسیەی ئابووری، میوانداریکردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی و چەند پڕۆژەیاسایەک دەدات؛ بەڵام هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێری پرۆسەی چارەسەری تێدا نییە.
سەرەڕای ئەوەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 1ی تشرینی یەکەم لە گوتاری دەستپێکی خولی نوێی یاساداناندا باسی لە کاراکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە کرد، بەڵام دۆسیەکە نەخراوەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026، پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی دەم پارتی، رەخنەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرت بەوەی دۆسیەی پرۆسەی چارەسەری و کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکانی بۆ دوو هەفتە دواخستووە، و داوای کردبوو پەلە لە دەستبەکاربوونی ئەو لیژنەیە بکرێت.
کارنامەی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا:
یاسای مانگی سووری تورکیا: لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمدا، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان تاوتوێی پڕۆژەیاسایەک بۆ رێکخستنەوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی کۆمەڵەی مانگی سووری تورکیا دەکات، تاوەکو ببێتە تاکە دامەزراوەی فەرمی بۆ وەرگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی کارەسات و جەنگدا، شانبەشانی پێدانی قەرەبووی دارایی بە کارمەندەکانی لە کاتی قەیراندا.
میوانداریکردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی: رۆژی سێشەممە، لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمان میوانداریی فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەکات؛ چاوەڕوان دەکرێت کاراهان راپۆرتێک لەبارەی رێژەی هەڵاوسان، سیاسەتی نەختینە و دۆخی ئابووریی تورکیا بخاتەڕوو.
پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی نیشتەجێبوون: لیژنەی گواستنەوە و گەشتوگوزار کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە رێکخستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی نیشتەجێبوونی بیانییەکان لە تورکیا.
هەروەها بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی وڵات بکەن.


