رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدییەکان لە تورکیا بازاڕیان گەرمە، بەپێی ئامارەکان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، 52%ـی تەواوی فرۆشی ئۆتۆمبێلیان لەو وڵاتەدا پێکهێناوە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی دابەشکارانی ئۆتۆمبێل لە تورکیا (ODMD)، لە نێوان کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، 326 هەزار و 35 ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید فرۆشراون؛ ئەمەش وەرچەرخانێکی مێژووییە لە گۆڕانی خواستی کڕیاران بە ئاراستەی وزەی خاوێن و کەمکردنەوەی خەرجیی سووتەمەنی.
سەرەڕای ئەم گەشەکردنە، بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە کۆی فرۆشی گشتیی ئۆتۆمبێل لە تورکیا لە هەمان ماوەدا 15.45% دابەزیوە و گەیشتووەتە 627 هەزار و 977 ئۆتۆمبێل.
فرۆشی ئۆتۆمبێل بەپێی جۆری سووتەمەنی (لە 9 مانگدا):
بەنزین: 258 هەزار و 453 ئۆتۆمبێل (فرۆشی 23.5%دابەزیوە)
هایبرید: 204 هەزار و 956 ئۆتۆمبێل (فرۆشی 0.8% دابەزیوە)
کارەبایی (تەواو): 120 هەزار و 329 ئۆتۆمبێل (فرۆشی 9.5% دابەزیوە)
دیزڵ: 34 هەزار و 520 ئۆتۆمبێل (دابەزینێکی بەرچاو بە رێژەی 40.7%)
گازی شل (LPG): 8 هەزار و 969 ئۆتۆمبێل (بەرزبوونەوە بە رێژەی 44.7%)
شارەزایان هۆکاری هەرە سەرەکیی داڕمانی فرۆشی ئۆتۆمبێلی دیزڵ لە تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە گەورە کۆمپانیاکانی جیهان بەرهەمهێنانی مەکینەی دیزڵیان راگرتووە، هاوکات بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گازوایل کاریگەریی هەبووە.
بەراورد بە پار، پشکی ئۆتۆمبێلە هایبرید لە بازاڕی تورکیادا لە 27.8%ـەوە بۆ 32.6% بەرزبووەتەوە؛ پشکی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەباییش لە 18%ـەوە بۆ 19.3%بەرزبووەتەوە. بەمەش پشکی هەردووکیان پێکەوە 51.9%ـی بازاڕی گرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا، پشکی ئۆتۆمبێلی بەنزین لە 45.5%ـەوە بۆ 41.2% دابەزیوە و پشکی دیزڵیش بۆ 5.5% کەمی کردووە.
تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا، 15,128 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون، کە بەراورد بە هەمان مانگی پار 17.1% زیادیکردووە.
ئەم گۆڕانکارییە لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی تورکیا لە کاتێکدایە کە رەوتێک بەرەو بەکارهێنانی وزەی خاوێن لە ئامرازەکانی گواستنەوەدا لەسەر ئاستی جیهان بەردەوامە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پشتگیری حکومەتەکان بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید وایکردووە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەکارهێنەران زیاتر روو لە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەن کە تێچووی کارکردنیان کەمترە.


