رووداو دیجیتاڵ سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە بواری تەکنەلۆژیا و بۆشایی ئاسماندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە سەردانەکەیدا بۆ شاری رووها لە باکووری کوردستان، ئاستی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای تورکیای بە چاوی خۆی بینیوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی 77ـەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ئەنتاڵیا گوتارێکی پێشکەش کرد و پەسنی توانای گەنجانی وڵاتەکەی دا. ئەردۆغان رایگەیاند، گەورەترین هێزی وڵاتەکەی سەرچاوەی مرۆیی گەنج و بەهرەدارە و گوتی: "لەگەڵ ئەندازیاران، دەستپێشخەران و زانایانمان رێگە دەبڕین و بەو ئیرادە سیاسییەی کە هەموو ئەوانەی کۆکردووەتەوە، بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین." سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە بەشداریکردنی لە پرۆگرامی توانای گەنجان لە بواری تەکنەلۆژیا لە رۆژی شەممەی رابردوو لە شاری رووها لە باکووری کوردستان کرد و گوتی: "دەرفەتی ئەوەم هەبوو بە چاوی خۆم لە رووها ببینم کە گەنجانمان لە بواری تەکنەلۆجیادا بە چ ئاستێکی بەرز گەیشتوون." سەبارەت بە بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی وڵاتەکەشی، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز رێگەیان نەداوە تورکیا لە کێبڕکێی جیهانیی بۆشایی ئاسمان پاشبکەوێت و گوتی: "سەرەڕای ئاستەنگەکان، لە ماوەیەکی کورتدا مەودایەکی زۆرمان بڕی. ئەمڕۆ تورکیا یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە خۆی مانگی دەستکرد دیزاین دەکات، بەرهەمی دەهێنێت، تاقیدەکاتەوە و لە بۆشایی ئاسماندا بەکاری دەهێنێت." هەنگاوەکانی تورکیا لە بواری بۆشایی ئاسماندا: 2018: دامەزراندنی ئاژانسی ئاسمانیی تورکیا (TUA). 2021: راگەیاندنی بەرنامەی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمان. 2023: بەرهەمهێنان و هەڵدانی مانگی دەستکردی "ئیمەجە" کە توانای وێنەگرتنی وردی هەیە. 2024: ناردنی دوو ئاسمانگەڕ (ئاڵپەر گەزەرئاڤجی و توڤا جیهانگیر ئاتاسەڤەر) بۆ بۆشایی ئاسمان. 2026: واژۆکردنی رێککەوتنی نێودەوڵەتیی "ئارتەمیس"ی سەر بە ئاژانسی ناسای ئەمریکی.
تورکیا05-10-2026وەزیری وزەی تورکیا: رێگەی گەشەپێدان دەکرێت ببێتە رێڕۆیێکی وزە بە بەهای 80 ملیار دۆلار