رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، ئەنقەرە خۆشحاڵە بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال، هاوکات پشتیوانیی تورکیای بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە دەوڵەتی سووریا دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا بە ئامادەبوونی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، بۆ تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتی دەرەوە بۆ ساڵی 2027 کۆبووەوە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، فیدان ئاماژەی بەوە کرد، سووریایەکی سەقامگیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی تورکیادایە. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمبارەیەوە گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە تەواوی وڵاتدا و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە."
فیدان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل و دەستپێکردنی کارەکانی یاسادانانی لە سووریا بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد و گوتی: "پێدانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بە کورد بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریادا، لەرووی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی وڵاتەوە گرنگیی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا لە سووریادا پشتیوانی لە سیستەمێکی سیاسیی گشتگیر دەکەین کە هەموو پێکهاتەکان، بە تورکمانەکانیشەوە، لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاووڵاتیبوونی یەکسان تێیدا نوێنەرایەتییان هەبێت."
لەکاتی پێشکێشکردنی راپۆرتەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە دۆسیەی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لە چەندین بواردا پەرەیان پێدەدرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و ژێرخانی ئاودا و رایگەیاند: "هەوڵدەدەین هاوئاهەنگییەکەمان زیاتر بەرەوپێش ببەین، کە بەهۆی سەردانە مێژووییەکەی سەرۆککۆمارمانەوە لە ساڵی 2024 بۆ عێراق، بەهێز بووە. دوای ئەو رێککەوتنانەی بەبۆنەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران زەیدی لە 28ـی تەممووزدا واژۆکران."
سەبارەت بە دۆسیەی شنگال، فیدان گوتی: "دڵخۆشین بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی پەکەکە لە شنگال. ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لەسەری رێککەوتووین بۆ کۆتاییهێنانی قۆناخ بە قۆناخی چالاکییەکانمان لە باشیک، هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەنگاوە کردارییانەی عێراق لە شنگال دەینێت، نیشاندەرێکی روونی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقدا دەچنە قۆناخێکی نوێوە."
لە رۆژی 23ـی ئەیلوولی 2026ـدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان راگەیاند بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە شنگال و دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە، لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخی بنکەی سەربازیی زێلکان بە بەغدا؛ دواتر لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026 رێکارەکانی تێکەڵکردنی نزیکەی دوو هەزار چەکداری یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیپێکرد.



