رووداو دیجیتاڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" تەنیا رێڕۆیێکی گواستنەوە و بازرگانی نابێت، بەڵکو دەتوانێت ببێتە رێڕۆیێکی ستراتیژیی وزە کە ساڵانە بەهای ئابوورییەکەی بگاتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار. ئەلپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی وزەی نێوان هەردوو وڵات بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێن و گوتی: "ئێمە وەک تورکیا پێداگرین لەسەر ئەوەی رێگەی گەشەپێدان تەنیا رێڕۆی گواستنەوە نەبێت، بەڵکو ببێتە رێگەیەکی وزە کە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، گازی سرووشتی و کارەبا لەخۆبگرێت." بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی ئەم رێڕۆیەوە دەتوانرێت رۆژانە تاوەکو 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکان بکرێت و روونیکردەوە: "عێراق رۆژانە 4 ملیۆن و کوێتیش 2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن؛ ئەگەر 40% بۆ 50%ـی بەرهەمی ئەم دوو وڵاتە لەم رێگەیەوە هەناردە بکرێت، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 65 بۆ 70 ملیار دۆلاری ساڵانە." سەبارەت بە گازی سرووشتی، وەزیری وزەی تورکیا گوتی، ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی تەنگەی هورمز بۆ گەیاندنی گازی قەتەر لە رێگەی عێراقەوە بۆ تورکیا و پاشان ئەورووپا، کە بەمەش بەهای ئابووریی نەوت و گاز لەم رێڕەوەدا ساڵانە 80 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. جەیهان دەبێتە ناوەندی جیهانیی وزە وەزیری وزەی تورکیا جەختی کردەوە لەوەی، دۆزینەوەی رێڕۆی جێگرەوە بۆ تەنگەی هورمز لەم قۆناخەدا گرنگییەکی چارەنووسسازی بۆ ئاسایشی وزەی جیهان هەیە، گوتیشی: "درێژکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان تاوەکو بەسرە و زیادکردنی تواناکەی، دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی زۆر بەهێز." بایراکتار باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکانی تورکیا هەوڵ دەدەن جگە لە کەرکووک، لە کێڵگەکانی دیکەی عێراقیشدا وەبەرهێنان بکەن، تاوەکو بەندەری جەیهان بکەنە ناوەندێکی سەرەکی و نێودەوڵەتیی وزە. پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە لە رێگەی هێڵی ئاسنین و وشکانییەوە بە سنووری تورکیا و پاشان ئەورووپاوە دەبەستێتەوە و ئامانج لێی کورتکردنەوەی مەودای گواستنەوەی بازرگانیی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایە.