رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی رێگەی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری سووریا دەکات و دەڵێت، تەلئەڤیڤ هەوڵی سەپاندنی دیفاکتۆیەکی نوێ دەدات و پێویستە لە خاکی ئەو وڵاتە بکشێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هەنگاوانەی ئیسرائیل دەکەین کە لە هێڵی 'سۆفا 53' لە پارێزگای قونەیترەی سووریا دەیاننێت، ئەم کارانە پێشێلکردنی رێککەوتنی ساڵی 1974ـە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی ئەمری واقعێکی نوێ لە سووریا."
لە راگەیێندراوەکەدا، ئەنقەرە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەنگاوی بەپەلە و یەکلاکەرەوە بنێت تاوەکو ئیسرائیل سنوورێک بۆ سیاسەتی فراوانخوازیی خۆی دابنێت. هاوکات داوای کردووە: "با ئیسرائیل لەو بەشەی خاکی سووریا بکشێتەوە کە داگیری کردووە؛ تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا."

ناوچەکانی باشووری سووریا، بەتایبەت هەردوو پارێزگای قونەیترە و دەرعا، بەردەوام رووبەڕووی پێشڕەوی و هێرشی سوپای ئیسرائیل دەبنەوە، کە پێکدێن لە هەڵکوتانەسەر، دروستکردنی خاڵی سەربازی و لێدانی خەندەق.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە رۆژی 26ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا رایگەیاند، کار دەکەن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە چاودێریی نێودەوڵەتی، بەڵام گوتی، دەستبەرداری مافی وڵاتەکەی نابن لە بەرزاییەکانی گۆلاندا.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە بەشێکی فراوانی بەرزاییەکانی گۆلانی کۆنتڕۆڵ کردووە. لە دوای گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی کۆتایی ساڵی 2024ـی سووریاش، تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی "جیاکردنەوەی هێزەکان"ـی ساڵی 1974ـی راگەیاند و دەستی بەسەر ناوچەی بێچەک و چەندین پێگەی ستراتیژیدا گرت، لەنێویاندا لوتکەی چیای حەرەموون لە دیوی سووریا.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)