رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2018ـەوە، سەردانێکی فەرمی بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دەکات؛ ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەش پتەوکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و گەیاندنی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ 15 ملیار دۆلار.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور، لە نێوان 1 بۆ 4ی تشرینی دووەم سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و کۆبوونەوە فەرمییەکانیش رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکاندا، تاوتوێی سەرجەم رەهەندەکانی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی وزە، پیشەسازیی بەرگری، بازرگانی و گەشتیاری دەکرێت، هەروەها چەندین رێککەوتننامە و بەڵگەنامەی نوێ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان واژۆ دەکرێن.
پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەنقەرە و سیئۆل لە چوارچێوەی "ستراتیژیی وڵاتە دوورەکان"ی تورکیا و بە پشتبەستن بە رێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی ساڵی 2013، گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە:
لە ساڵی 2025دا قەبارەی بازرگانی گەیشتە 11.4 ملیار دۆلار، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا (2026) گەیشتووەتە 8.7 ملیار دۆلار.
لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تورکیا بە بەهای 920.3 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی کۆریای باشوور کردووە؛ کە تێیدا کەرتی "دەرمانسازی" بە 321.8 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش بەرهەمە کانزاییەکان (124.2 ملیۆن دۆلار) و ئامێرە میکانیکییەکان (101.6 ملیۆن دۆلار) دێن.
هاوتەریب لەگەڵ بازرگانی، کەرتی گەشتیاریش لە نێوان هەردوو وڵاتدا رووی لە گەشەکردن کردووە؛ لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 226 هەزار گەشتیاری کۆریای باشوور سەردانی تورکیایان کردووە، هەروەها لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ژمارەی ئەو گەشتیارانە گەیشتووەتە 133 هەزار و 604 کەس.



