رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند لە پرۆسەی چارەسەریدا گیروگرفت دروست بووە، لە 13ی ئەیلوولەوە هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە. لەبارەی شوێنە نوێیەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەناو زیندانی ئیمراڵی، گوتی "ئۆجەلان لە ئیمراڵییە چاوەڕێیە وەک رێکخەری ئاشتی و بە سیاسیکردن کار بکات."
ئەمرۆ یەکشەممە، 1-11-2026 دووەم رۆژی کۆنفرانسی "ژنان بەیەکەوە باسی داهاتوو دەکەن" لە ئەنقەرە بەرێوەچوو و بوڵدان لە پانێڵێکدا بەناوی "بەرپرسیارێتیی سیاسیی ئاشتی" قسەی کرد.
پەروین بوڵدان رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و ئەمەشی بە دەستکەوتێکی گرنگ زانی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە گرفت لە پرۆسەکەدا هەیە و گوتی : "دوایین جار لە 13ی ئەیلوول چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کرا. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ هیچ چاوپێکەوتنێک نەکراوە. بۆیە دۆخێکی وەک گیرخواردن یان وەستان لە پرۆسەکەدا هەیە."
لەبارەی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی، پەروین بوڵدان رایگەیاند، ئەو شوێنە نوێیە بەشێکە لە زیندان و گۆڕانکاری لە پێگەکەیدا نییە. گوتیشی: "ئۆجەلان چاوەڕێیە بە نازناوی رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات."
بوڵدان جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕینی شوێنەکەی ئۆجەلان بە مانای گۆڕینی پێگەی ئەو نایەت و گوتی: "بابەتی پێگەی ئەو شتێک نییە کە تەنیا بە گواستنەوەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەو شوێنە پێناسە بکرێت."
بوڵدان باسی لە لایەنە سەرەکییەکانی پرۆسەکە کرد و گوتی: "سێ کاراکتەری سەرەکی لە پرۆسەکەدا هەن بەرێز ئەردۆغان، بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئۆجەلان، بەڵام ئەوان بە یەکساندا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەنابەن، چونکە بەڕێز ئۆجەلان هەوڵدەدات لەناو خانەیەکی تاکەکەسیدا پرۆسەکە بەڕێوەببات."
پەروین بوڵدان هەروەها ئاماژەی بە لێدوانەکانی پێشووی دەوڵەت باخچەلی کرد و گوتی: "کاتێک بەڕێز باخچەلی ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد باسی لە 'مافی هیوا' کرد، بەڵام ئێستا باسی 'مافی هیوا' ناکرێت. هەروەها گوتی 'با ئۆجەلان بێت و لە کورسیی دەم پارتییەوە قسە بکات'، بەڵام ئێستا ئەمەش هەر باس ناکرێت."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، ئۆجەلان لە سەرەتاوە داوای کردووە چاوی بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکەوێت، وەک رێکخراوەکانی ژنان، رۆژنامەڤانان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، بەڵام "ئەم داواکارییانە ماوەی دوو ساڵە جێبەجێ نەکران" گوتیشی: "تەنیا شاندێکی سیاسی دەچێت بۆ لای، ئێمە دەچین. ئەمەش بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەس نییە. بۆیە پێویستە هەنگاوی خێرا لەمبارەیەوە بنرێت."
رۆژی شەممە، 31-10-2026 میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی "میدیا خەبەر" رایگەیاندبوو "عەبدوڵڵا ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی."
هەر لەو بارەیەوە ، محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری گواستنەوەی سەرۆک ئۆجەلان نین بۆ شوێنێکی نوێ."


