رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە بانگهێشتی تورکیا لە ئەنتاڵیایە و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێکرا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەشداری لە خوانی سەرکردەکانی کۆڕبەندی گۆڕانی کەشوهەوادا دەکات.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە ئەنتاڵیا گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆدەبێتەوە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و ئاسایشی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆر بابەتی دیکەی ئەمنی گفتوگۆ دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکان لە 31ـەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری ئەنتالڵای توركیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێکرا.
کۆڕبەندی گۆڕانی کەشوهەوا
کۆڕبەندەکە رۆژی 9-11-2026 دەستیپیکردووە و تاوەکو 20-11-2026 بەردەوام دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت نوێنەرانی 197 لایەن و نزیکەی 100 هەزار کەس بەشداری بکەن. ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانە بە 1.5 پلەی سیلیزی.



