رووداو - دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، دوای گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەکەی لە دوورگەی ئیمراڵی، هەلومەرجی کارکردنی گۆڕدراوە و سکرتاریەتەکەشی بۆ کارکردنێکی خێراتر بەهێز کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر قۆناخەکانی پڕۆسەی چارەسەری و رەوشی زیندانییە نەخۆشەکان، دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد و دانانی قەییوم بۆ کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆن .
لەبارەی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی ئیمراڵی باکرهان گوتی:"بەڕێز ئۆجەلان، لەگەڵ چوونی بۆ شوێنە نوێیەکەی، هەلومەرجی کارکردنی گۆڕا. با لێرەوە بەڕوونی ئەمە بڵێم. هەروەها بۆ کارکردنێکی خێراتر و بەرهەمدارتر، سکرتاریەتەکەی بەهێزکرا کە یەکەمجارە باسی ئەمە دەکەین. پێشتریش گوتوومانە ئەگەر لە پرۆسەی ئاشتیدا چەکدانان هەبێت، دەبێ یاسا و سیاسەت ببنە شوێنگرەوەی چەکدانان. کاتێک ژینگەی سیاسی ئاسایی دەبێتەوە، ئەوکاتە ئاشتی بەدەستدێت. وەک ئەوەی ئەمرۆ دەیبینین، بە دانانی قەییووم و دەست بەسەرکردن و بێدەنگکردنی میدیا، نەوەک رۆڵی باسمان لەم پرۆسەیەدا دەبێت، بەڵکو زیانی پێدەگەیێنین".
باکرهان هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆسەکە لە 4 قۆناخ پێکدێ:
-قۆناخی یەکەم بریتی بوو لە بێدەنگبوونی چەکەکان و راگرتنی شەڕ
-قۆناخی دووەم بریتی بوو دامەزراندنی زەوینەی دیالۆگ و دانوستان
-قۆناخی سێیەم دروستکردنی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی بوو
-قۆناخی چوارەمیش کرانەوەی رێگەی سیاسەتی دیموکراسی و دابینکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانە.
باکرهان گوتی کە ئەوان ئێستا لەنێو قۆناخی سێیەمدان و لە بەردەم دەرگای قۆناخی چوارەمن.
هەروەها سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کوردی کرد کە پێکهاتبوون لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)؛ حەسەن داغتەکین، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە؛ هەریەک لە سیاسەتڤانان محەمەد جان ئۆزبای و فوئاد ئۆنەن و گوتی: "دەستبەسەرکردنی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەهۆی چالاکیی سیاسی و بیروڕایانەوە قبووڵ ناکەین و سەرکۆنەی دەکەین."
ئەم گوتانەی هاوسەرۆکی دەم پارتی هاوکات بوو لەگەڵ چەند رووداوێکی بەیانیی رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2026 لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەوانە بڕیاری دانانی قەییووم بۆ کەناڵی (سۆزجو تیڤی) لە ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتی، هەروەها دەستگیرکردنی ژمارەیەک سیاسەتڤانی کورد، بەتایبەتیش ئەندامانی هاوپەیمانیی نیشتیمانی کوردستان (هەڤبەندی) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە ئامەد و چەند شارێکی دیکە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

