رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی رایگەیاند، لە پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە هاوئاهەنگیدان.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا رۆژی سێشەممە 17-11-2026 لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە لە ئەنقەرە پێشوازی لێکرا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان بۆ راگەیاندن کرد.
هاکان فیدان رایگەیاند، هاوئاهەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان بووە و گوتی:"لە بابەتی پارێزگاری لە یەکێتیی خاکی سووریادا زۆر هەستیارین؛ نابێت هەڕەشەکانی نێوخۆ و دەرەوە، هەروەها هەڕەشەکانی تیرۆر رۆژەڤی سووریا سەرقاڵ بکەن. نابێت هاوشێوەی رابردوو ناوچەکە ئەمانە وەک هۆکاری ناسەقامگیری ببینێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سووریا لە بوارە جیاوازەکان دووپاتکردەوە و گوتی:"ئێمە وەک تورکیا بۆ بنیاتنانەوەی سوپای سووریا و بەهێزکردنی توانای دەزگاکانی ئاسایش، هەوڵێکی جیدیمان دەست پێکردووە، ئەمە بۆ ئەوەیە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرێوەبچێت، هەروەها دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر هێزە جوداخوازەکان هەبێ. ئەگەرنا زۆر روونە کە داعش و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە چ کێشەیەک دەنێنەوە".
لەکاتێکدا پرۆسەی تێکەڵبوون لە نێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەریی خۆسەر درێژەی هەیە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی:" لەپێناو تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵبوون بە سەرکەوتوویی، درێژە بە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەدەین".
فیدان هەروەها رایگەیاند، کار و چالاکییەکانی نێوان تورکیا و سووریا بۆ زیاتر بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان درێژەیان هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)