رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سبەی لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی باڵای ئەمنیی 8 پارێزگا کۆببێتەوە و پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ بکەن.
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سبەی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەگەڵ پارێزگارەکانی دێرسم، سەمسوور، خارپێت، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان، مەڵەتێ و رووهای باکووری کوردستان و بایبوورتی تورکیا، هەروەها فەرماندەی جەندرمە و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو پارێزگایانە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کۆدەبێتەوە.
یەکەم کۆبوونەوەی لەم شێوەیە لە 17ی تشرینی یەکەمی 2026 لە سەمسوور بەڕێوەچوو و پارێزگار و فەرماندەی جەندرمە و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکانی ئاگری، سەمسوور، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، جۆلەمێرگ، مێردین، مووش، سێرت، شرنەخ و وان بەشدارییان تێدا کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی پرۆسەی چارەسەری، رێوشوێنەکانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و هەنگاوەکانی چەسپاندنی ئاسایشی گشتی کرا.
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد؛ دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا؛ رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان لە سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595 (یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزرا.
ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن. یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.



