رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەک کە لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنی ئیستەنبووڵەوە بەرەو ئامەد گەشتی دەکرد، لە ئاسمانی پارێزگای ئێسکیشەهیری تورکیا هەورەبرووسکە لێیدا و بە ناچاری گەڕایەوە بۆ ئیستەنبووڵ.
ئەو فڕۆکەیە کاژێر 8:00ــی ئێوارەی دوێنێ لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنی ئیستەنبووڵەوە فڕی و بەرەو ئامەدی باکووری کوردستان رۆیشت.
کاتێک لە ئاسمانی پارێزگای ئەسکیشەهیر بوو، هەورەبرووسکە لێی دا و ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەنێو فڕۆکەکەدا دروستبوو. بەشێک لە سەرنشینان تووشی تێکچوون و شڵەژانی دەروونی بوون.
تیمی فڕۆکەوانی لە ئاسماندا بڕیاری گەڕانەوەی دا. فڕۆکەکە کاژێر 9:32 خولەک گەیشتەوە ئیستەنبووڵ و لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن نیشتەوە.
هیچ یەک لە سەرنشینان زیانیان بەرنەکەوت.
بەگوێرەی پشکنینی تیمی تەکنیکیی فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن، فڕۆکەکە زیانی بەرکەوتووە و لە گەشتکردن وەستێندراوە.


